حەشدی شەعبی: دەنگۆی ئازادکردنی تۆمەتبارانی هێرشەکەی عەین ئەسەد راست نییە

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی حەشدی شەعبی رایگەیاند، "سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی باسی ئازادکردنی تۆمەتبارانی ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەکەن، دوورن لە راستییەوە."
 
ئەو سەرچاوەیە، رۆژی چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024، قسەی بۆ رووداو کرد و باسی لەوەش کرد، "تائێستا تۆمەتباران لە ژێر لێکۆڵینەوەدان؛ بڕیاری سزادان و ئازادکردنیان لە دەستی دادوەردایە و رێگەنادەن هیچ کەسێک دەست لەو دۆسیە وەربدات."
 
هاوکات، شێخ عەبدوڵڵا جغێفی، راوێژکاری فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ کاروباری ئەنبار، کە دوێنێ 13ـی ئاب؛ هەواڵی ئازادکردنی تۆمەتبارانی راگەیاند، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "هەڵەتێگەیشتنێک لە بابەتەکەدا هەبووە و تائێستا هیچکام لە دەستگیرکراوەکان ئازادنەکراون."
 
رۆژی 5ـى ئاب، بە چەند مووشەکێک هێرشکرایە سەر سەربازگەى عەین ئەسەد لە ئەنبار و بەهۆیەوە پێنج سەرباز و دوو بەڵێندەر بریندار بوون.
 
بە گوتەى شانەى راگەیاندنى ئەمنى، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى هاوبەش لە نێوان یەکە ئەمنییە تایبەتمەندەکان پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە و 5 کەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە دەستگیرکردووە.