لە ورمێ 600 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رادەستی ناوەندە حکومییەکان کراوە. لە پارێزگای لوڕستانیش 2 تریلیۆن و 473 ملیار تمەن پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکراوە.
 
خەسرەو شەهبازی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە و پێشبینیش دەکەن لە رۆژانی داهاتوودا و لەو ماوەیەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دانراوە بڕەکە بگاتە 650 هەزار تۆن.
 
حوجەتوڵڵا بەیرانوەند، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی لوڕستانیش ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 477 هەزار تۆن گەنم بە بەهای زیاتر لە 6 تریلیۆن تمەن لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
 
بەیرانوەند گوتی، 2 تریلیۆن و 473 ملیار تمەن وەک پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خەرجکراوە و ئەو پارەیەش کە ماوە بە چەند قۆناخێک خەرج دەکرێت.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری دانەوێڵەی لوڕستان، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لەو پارێزگایە بگاتە سەروو 530 هەزار تۆن.
 
رۆژی 10ی ئابی 2024، سەید سەعید راد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بازرگانیی حکومی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 11 ملیۆن تۆن گەنم کە دەکاتە بایی 193 تریلیۆن تمەن لە جووتیارانی ئێران وەرگیراوە؛ هەروەها زیاتر لە 94 تریلیۆن تمەن کە دەکاتە 49٪ی کۆی پارەکە بۆ جووتیاران خەرجکراوە.