ورچێک لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی بە کوژراوی دۆزرایەوە


هەولێر دیجیتاڵ

لە کوێستانی وێزێی باڵەکایەتی سەر بە قەزای چۆمان، ورچێک بە کوژراوی دۆزرایەوە. قایمقامی چۆمان دەڵێت، "شوێنی گولـلە بە جەستەیەوە دیارە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024، ئەحمەد بارزان، قایمقامی قەزای چۆمان بە رووداوی گوت، "ئەو شوێنەی ورچەکەی لێ دۆزراوەتەوە، شوێنێکی دوورەدەستە و ئاوەدان نییە."
 
قایمقامی قەزای چۆمان دەشڵێت، دوای گەیشتنی هەواڵی کوشتنی ورچەکە، دەستبەجێ تیمی قایمقامیەت گەیشتوونە شوێنی رووداوەکە و کەیسەکە خراوەتە بەردەم پۆلیسی دارستانی چۆمان: "ورچەکە شوێنی گولـلە بە جەستەیەوە دیارە و بڕیارە جەستەکەی وشک بکرێتەوە و هەڵبگیرێت".
 
گومان دەکرێت هەر ئەو ورچە بێت کە لەگەڵ بێچووەکانی ماوەیەک پێش ئێستا، لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی و دەرووبەری بینرابوو. ئەحمەد بارزان روونیکردەوە، "ورچەکە یەک گولـلەی بەر کەوتووە؛ پۆلیسی دارستانی سۆران دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و پەڕاوی بۆ کەیسەکە کراوەتەوە."
 
رۆژی 25ـی 6ـی 2020یش، لە چیای کارۆخ ورچێک بە بەرد کوژرا. 
 
رۆژی 8ـی 4ـی 2017 لەلایەن رێکخراوی "کوردش – ئەمریکا"ی ژینگەپارێز، لەنێوان چیای کۆدۆ و حەسار سەکران لە دەڤەری باڵەکایەتیی سنووری قەزای چۆمان، چوار ورچ ئازاد کران. رێکخراوەکە دەڵێت: "ئەم ورچانە لە شارەکانی کوردستان، لەنێو پارک و شوێنی دیکە، بەشێوەیەکی ناتەندروست بەخێوکرا بوون و گەڕێندرانەوە نێو سرووشتی کوردستان."