گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین: هاونیشتمانییەک بەهۆی خواردنەوەی دەرمانی رووەکەوە گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک لە سنووری ناحیەی ژاراوە دوای 29 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا. کەسوکاری دەڵێن: "دەرمانی گیایی خواردووە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، "هاونیشتمانییەکە ناوی (ا، ع، م)ـە و کاسب بووە، لەدایکبووی ساڵی 1972 بووە، لە ناحیەی ژاراوە بەهۆی ناجێگیریی تەندروستییەوە لە 14ـی 7ـی ئەم ساڵ گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ."
 
کەسوکاری رایانگەیاندووە، (ا، ع، م)، باری دەروونی ناجێگیر بووە و دەرمانی گیا (فریز) و گەڵاپانی خواردووە، بەو هۆیەوە تەندروستی تێکچووە؛ هەمان رۆژ رەوانەی شاری سلێمانی کراوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین روونیکردووەتەوە، "دوای مانەوەی 29 رۆژ لە نەخۆشخانە، بەهۆی کاریگەریی دەرمانەکەوە گیانی لەدەستدا و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە."