گالەری

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
18 Photos
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir

رووداو دیجیتاڵ 

فڕێدانی دەبەی پلاستیک و نایلۆن لە هەرێمی کوردستان، مەترسیی بۆ سەر ژینگە، تەندروستیی مرۆڤ و خنکانی ئاژەڵ زیاتر کردووە.
 
پاشماوەی بووتڵی پلاستیکیی ئاو لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان دەبینرێت، تەنانەت لە دوورترین شوێنی لووتکە چیاکانیشدا.
 
لە هەر شارێکی هەرێمی کوردستان لە زۆربەی رێستۆرانت، کافێ و شوێنە گشتییەکان کاتێک کەسێک دادەنیشێت، یەکەم شت دەبەیەکی پلاستیکیی ئاو لەبەردەمی دادەنرێت، ئەمە بووەتە دیاردە و بەشێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی پاشماوەی پلاستیکی.
 
هەڵگرتن و گواستنەوەی نادروستی بووتڵی ئاوی خواردنەوە لە بازاڕ و مارکێتەکاندا، کاریگەریی بەسەر ئاوی نێو بووتڵەکەوە هەیە، چەندین توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن رەنگە مادە پلاستیکییەکە بڕژێتە نێو ئاوەکە و ببێتە هۆی ژەهراویبوونی.
 
بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، ئەگەر پلەی گەرمیی دەبەی پلاستیکیی ئاو بگاتە سەرووی 25 پلەی سیلیزی، ئاوەکەی نێوی بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کە لە وەرزی هاویندا بە بەردەوامی پلەی گەرما لە سەرووی 40 پلەی سیلیزییە، لە هەندێک مارکێت، فرۆشگە و دەستگێڕەکانیش، دەبە پلاستیکییەکان بەردەوام لەبەر خۆرەتاون.
 
دکتۆر رێزان رەشید، پسپۆڕی ژینگە بە رووداوی گوت "بەگشتی بەکارهێنانی پلاستیک باش نییە بەتایبەتی ئەو پلاستیکانەی لەسەریان نەنووسراوە چ جۆرێکن، کە ناتوانرێت ریسایکلیش بکرێنەوە، بۆیە باشترین شت ئەوەیە بەکار نەهێندرێت."
 
دکتۆر رێزان دەڵێ "ئەمە، کێشەیەکی زۆر گەورەیە لەڕووی تەندروستییەوە، کارەساتیشە بۆ ژینگە چونکە پلاستیک سەدان ساڵی دەوێت بۆ شیبوونەوە، ئەگەر لە ئێستاشەوە رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەکەین، لە داهاتوودا کێشەی گەورە تووشی ژینگەی کوردستان دەبێت."