وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: ئەوەی کۆدی وەرگرتنی شوقەی بۆ نەهاتووەتەوە، دەبێت دووبارە فۆڕمەکە پڕبکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بۆ وەرگرتنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون بێ پێشەکی، زیاتر لە 26 هەزار و 500 کەس ناویان لە سیستمی ئۆنلایندا تۆمارکردووە، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، زیاتر لە 3 هەزار کەسیان بە رێکوپێکی پڕیان کردووەتەوە و کۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەوانی دیکە دەبێت جارێکی دیکە فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.
 
هەفتەیەکە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لینکێکی بۆ وەرگرتنی شوقە بێ پێشەکی و بە قیستی درێژخایەن بۆ کەمدەرامەتان کارا کردووە. تاوەکو کۆتایی هەفتەی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار و 500 کەس ناویان بۆ وەرگرتنی شوقە تۆمار کردبوو، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، "زۆرینەیان بە هەڵە پڕیان کردووەتەوە".
 
رۆژی دووشەممە 14ـی ئابی 2023، مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاونیشتمانیان زۆرینەیان ناویان بە هەڵە لە سیستمەکەدا تۆمار کردووە و کۆدی دڵنیابوونەوەیان بۆ نەگەڕاوەتەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن گوتی، "لە زیاتر لە 26 هەزار و 500 کەس کە ناویان لە سیستمەکەدا تۆمار کردبوو تەنیا 3 هەزار و 398 کەسیان بە رێکوپێکی فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و کۆدیان وەرگرتووە؛ داوا لە هاونیشتمانیان دەکەین بە گوێرەی رێنماییەکان فۆڕمەکە وەک خۆی پڕبکەنەوە، چونکە تاوەکو کۆدیان بۆ نەگەڕێندرێتەوە ناویان ناچێتە تیروپشکی وەرگرتنی شوقە و پڕکردنەوەکەیان بە هەڵە دەژمێردرێت".
 

سەبارەت بەوەی کۆدەکە چۆن دەگەڕێتەوە، توانا بەشیر، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆد بۆ مۆبایل ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئیمەیڵ دەگەڕێتەوە، هاوکات لەسەر وێبسایتەکەش دەردەکەوێت کە بارکۆدێکە و هەموو زانیارییەکانی کەسەکەی لەسەرە."

بەگوتەی مەریوان مەلا حەسەن، ئەوانەی بە هەڵە فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە، دەبێت دووبارە پڕی بکەنەوە و داواکاری بۆ وەرگرتنی شوقە پێشکێش بکەن تاوەکو کۆدیان بۆ دەگەڕێتەوە.
 
8ـی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە پێگەی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەم دەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، لەمڕۆوە دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە".
 
هەمان رۆژ، توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکەکان 9 هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە)ن و بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و بەرەو خوارتر تەواوبووە، تاوەکو دەگاتە 13%. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی، نرخ جیایە و بەگوێرەی پڕۆژەکانە، بەڵام هیچیان پێشەکییان نییە و ئەو پارەیەی بۆ نرخی شوقەکە دادەنرێت دابەشی سەر 300 مانگ دەکرێت؛ بۆ نموونە، ئەگەر شوقەیەک نرخەکەی 30 هەزار دۆلار (3 دەفتەر) بێت، ئەو کەسەی وەری دەگرێت مانگانە 100 دۆلار قیستی لێ وەردەگیرێت.
 
پڕکردنەوەی فۆڕمەکە تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
 
ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەم دەرامەتان دروست دەکرێت و بە قیست و پێشەکی کەم بەسەریاندا دابەش دەکرێت. ئەوەی ئێستا فۆڕمی بۆ پڕدەکرێتەوە، پەیوەندی بەو 20 هەزار یەکەیەوە نییە و ساڵانی رابردوو کار لە هەموویاندا کراوە و دواتر کارکردن تێیاندا راگیراوە.