راپرسییەک؛ رووداو و بەرنامەی لەگەڵ رەنج پڕبینەرترینن
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپرسییەک، تۆڕی میدیایی رووداو و بەرنامەی لەگەڵ رەنج، وەکو پڕبینەرترین کەناڵ و بەرنامە لەسەر ئاستی کوردستان، پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا و سەرۆکی ئەو رێکخراوەی کە راپرسییەکەی کردووە دەڵێت، "نزیکەی پێنج هەزار کەس بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە".
رێکخراوی راما ئەیجێنسی، کە بارەگای سەرەکیی لە هەولێرە، راپرسییەکی بۆ پڕبینەرترین میدیا و پرۆگرام لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کردووە و بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، رووداو و بەرنامەی لەگەڵ رەنج، یەکەمن.
رێبوار عوسمان، سەرۆکی رێکخراوی راما ئەیجێنسی، لە کاتی راگەیاندنی ئەنجامی راپرسییەکەدا بە رووداوی راگەیاند، پێنج وەرزە راپرسیی بۆ پڕبینەرترین دەزگای راگەیاندن دەکەن و هەر پێنج وەرزەکە تۆڕی میدیایی رووداو پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
٪98ی فۆڕمەکانی راپرسی بە دروستی پڕکراونەتەوە
لە راپرسییەکەی راما ئەیجێنسیدا، نزیکەی پێنج هەزار کەس بەشدارییان کردووە و 98٪ی فۆڕمەکان بە دروستی گەڕێندراونەتەوە. شێوازی دابەشکردنی فۆڕمەکانیش بەسەر شار و شارۆچکەکاندا، بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بووە. ٪41.7ی بەشداربووانی راپرسییەکە مێ و ٪58.3یان نێر بوون.
لە سێ راپرسیدا، بەرنامەی لەگەڵ رەنج دوو جار پڕبینەرترین بووە
رێکخراوی راما ئەیجێنسی، سێ ساڵی لەسەر یەکە راپرسی بۆ پڕبینەرترین بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیش دەکات. لەو سێ راپرسییەدا، بەرنامەی لەگەڵ رەنج دوو جار پڕبینەرترین بووە.
ئاسۆ سەراوی، پرۆدیوسەری بەرنامەی لەگەڵ رەنج لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکانی رووداودا کە رێوڕەسمەکەی لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو، گوتی: "ئەمە یەکەم خەڵاتی رووداو نییە و دوا خەڵاتیش نابێت، بەڵام ئەم پاڵپشتییەی بینەر و وەرگر، ئەرکی ئێمە قورستر دەکات و دەبێ هەمیشە لە لووتکەدا بمێنینەوە، بۆیە بەڵێن دەدەین هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بێت کێشە و گیروگرفتەکانیان بە مەبەستی چارەسەر بخەینەڕوو".
هەموو تەمەنەکان بەشداریی راپرسییەکەیان کردووە
لە رێوڕەسمەکەدا، دکتۆر هەژار تەڵعەت، بەرپرسی داتا و زانیاری لە راما ئەجێنسی گوتی: راپرسیەکەمان بێلایەنانە کردووە و لە شوێنە گشتییەکانی شار و شارۆچکەکان فۆرممان دابەشکردووە، هەروەها هەوڵمانداوە هەموو تەمەنەکان بەشداریی بکەن، لەتەمەنی پازدە تا سەرووی شەست ساڵی بەشدارییان کردووە.