رووداو دیجیتاڵ
16 هاوپەیمانێتی و قەوارە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان وادەی پێشکێشکردنی ناوی بەربژێر و قەوارەکانی لە 14 تاوەکو 20ـی ئەم مانگە درێژکردەوە.
جگە لە تۆمارکردنی قەوارەکان تیمەکانی کۆمیسیۆن ناوی 14 هەزار دەنگدەری نوێیان تۆمارکردووە کە یەکەمجارە مافی بەشداریکردنیان دەبێت لە هەڵبژاردن.
عەبدولباست دەروێش، گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: رۆژی 20ـی مانگ دوایین وادەیە بۆ پێشکێشکردنی لیستی ئەوانەی خۆیان بەربژێر دەکەن. لەدایکبووانی ساڵی2004 و 2005 ژمارەیان زیاترە لە 14 هەزار کەس کە مافی ئەوەیان هەیە لەم هەڵبژاردنە بەشداربن و دەنگ بدەن. هەروەها ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس کە بەشداری ئەم هەڵبژاردنە دەکەن، بە رێژەی 75% پڕۆسەی بایۆمەتریان بۆ ئەنجام دراوە.
بنکەکانی کۆمیسیۆن دوای تەواوکردنی رێکاری بایۆمەتری و دەرکردنی کارتی دەنگدان، ئێستا ئەو وادەیە تەواوبووە و تەنیا کاریان دابەشکردنەوەی کارتە نوێیەکان و تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەیە کە خواستی ئەوەیان هەیە لە رۆژی دەنگدان ببنە فەرمانبەری کۆمیسیۆن.
کورد بۆ ئەم هەڵبژاردن بە سێ هاوپەیمانی و دوو لیست بەشداری دەکەن. پارتی و حەوت لایەنی کوردی و تورکمانی بەیەکەوە هاوپەیمانێتییان دروستکردووە، هاوکات یەکێتی و شیوعی هاوپەیمانێتیەکەیان راگەیاندووە، هەرچی یەکگرتوو و کۆمەڵیشە بەیەکەوە بەشداری دەکەن. هەریەک لە نەوەی و نوێ و سۆشیالیستیش بە لیستی جیا بەشداری دەکەن.
پارتی و هاوپەیمانەکانی لیستەکەیان ئامادەیە بەناوی بەربژێرەکانیشەوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی پێشکێشی کۆمیسیۆنیان نەکردووە.
مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "گەورەترین هاوپەیمانیمان دروستکردووە کە چەندین حیزب و لایەنی سیاسی لە کەرکووک کە باوەڕیان بە کوردستانی بوونی ئەم شارە هەیە بەشدارن، ئێمە لیستەکەمان تەواوبووە، بەڵام پێشکێش نەکراوە، لەم چەند رۆژەدا پێشکێش دەکرێت و ئامادەکاری دەکەین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، گۆڕان نزیکە بچێتە هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی و شیوعیەوە بە بەربژێرێک.
هاوکات سەرۆکی یەکێتی داوای لە سەرکردە کەرکووکییەکانی ئەو حیزبە کردووە یەکێکیان خۆیان بەربژێر بکەن و ببنە سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ