رووداو دیجیتاڵ
لە زاخۆ مەسرور بارزانی پرۆژەی گەشتیاریی کۆڕنیشی پردی دەلالی کردەوە و رایگەیاند، لەم چەند ساڵەدا زیاتر لە 170 پرۆژە لە سنووری زاخۆ جێبەجێکراون.
رۆژی دووشەممە، 14ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی پڕۆژە گەشتیارییەکەدا لە گوتارێکدا گوتی، ئەو موژدەیەشتان پێدەدەم، بەردەوام دەبین لەسەر دروستکردنی کۆڕنیشی زاخۆ تاوەکو تەواو دەبێت. پشت بە خودا هەموو قۆنەخەکانی تەواو دەکرێن. هەروەها بەنداوی زاخۆ، لەسەر رووباری خابوور دەبێتە پرۆژەیەکی ستراتیژیی گەورە و هەرکاتێک دیزاینی تەواو بوو، دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
یەکێک لەو پرۆژانەی سەرۆکی حکومەت سەردانی کرد، بازاڕی دێرینی زاخۆ بوو کە لە 130 دوکان پێکدێت و پێش 140 ساڵ دروستکراوە و ئێستا نۆژەنکراوەتەوە.
محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ دەڵێت، "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری زاخۆ لەم پرۆژەیەدا ئەندام بووین و چاودێریمان دەکرد. بازاڕێکی رێکوپێک بەگوێرەی ستانداردی دێرین دروستکراوە."
سەروو یەک ملیار دینار لە پرۆژەی بازاڕی دێرینی زاخۆ خەرجکراوە و پرۆژەی کۆڕنیشی پردی دەلالیش تاوەکو ئێستا 11 ملیار و 500 ملیۆن دیناری تێچووە و چاوەڕواندەکرێت تا کاتی تەواوکردنی پرۆژەکە، تێچووەکەی بگاتە سەروو 15 ملیار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ