سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان دەگوازرێتەوە کفری

14-08-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان دەڵێت، بڕیار دراوە سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان بگوازرێتەوە بۆ کفری و کەمپی زانکۆکەش لە کەلار دەبێت. 
 
لە دوو رۆژی رابردوودا، بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆلێژی تەکنیکی کەلار مانگرتنیان راگەیاند و داوایان کرد سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان لەنێو شاری کەلار بێت. 
 
رۆژی دووشەممە 14-08-2023 د. چیا محەممەد، سەرۆکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی خوێندنی باڵا دەسەڵاتی داوەتە ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار بدەن لە کوێ سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان دادەنرێت. ئێمەش وامان بە باش زانی قەزای کفری بێبەش نەکەین، چونکە لەوێ هیچ دەزگایەکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی لێ نییە. بە باشمان زانی سەرۆکایەتیی زانکۆکە جارێ لە کفری بێت و ئەوەش داواکاری خەڵكی ئەو قەزایە بوو."
 
بەگوتەی سەرۆکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان، تەنیا سەرۆکایەتیی زانکۆکە لە قەزای کفری دەبێت و دەڵێت، "کامپی زانکۆکە لە کەلار دەبێت. لە داهاتووشدا لە ناحیەی رزگارییش کۆلێژ و پەیمانگە دەکەینەوە کە زەویمان تێیدا وەرگرتووە. دەرخستە و پرۆپۆزەڵیشمان تایبەت بە کفری ناردووە بۆ وەزارەت بۆ ئەوەی لە کفریش کۆلێژ و پەیمانگە بکەینەوە."
 
لەبارەی شوێنی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان، د. چیا محەممەد گوتی، "ئێمە کۆلێژی تەکنیکی کەلارمان هەیە کە پێشتر سەر بە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی بوو و 10 بەشی بەیانیان و شەش بەشی ئێوارانی هەیە. زانکۆکە هەر لەوێیە، تەنیا ناوەکە گۆڕدراوە. پێشتر ئەو کۆلێژە سەر بە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی بوو؛ بەڵام ئێستا سەر بە زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیانە."
 
لە حوزەیرانی ئەمساڵ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی دوو زانکۆی نوێ بە ناوەکانی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و زانکۆی پۆڵیتەکنیکی گەرمیان بکرێنەوە. 
 
لە ساڵی 1992ـەوە کەلار پەیمانگەی تەکنیکی هەیە کە ناوەکەی گۆڕدرا بۆ کۆلێژی تەکنیکی و سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە. بە کردنەوەی ئەم زانکۆیە، سەربەخۆ دەبێت و سەربە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی نامێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە