بافڵ تاڵەبانی: پشتیوانیی دەستپێشخەرییەکەی هادی عامری دەکەین

14-08-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هادی عامری و بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی کۆبوونەوە و سەرۆکی یەکێتی پشتیوانیی بۆ دەستپێشخەرییەکەی هادی عامریی دەربڕی و گوتی، "ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە کە لەگەڵ دیدگەی یەکێتی یەکدەگرێتەوە و لە خزمەتی گشتی و سەقامگیریی وڵاتدایە." 
 
رۆژی یەکشەممە 14-8-2022، ‎بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و دەستپێشخەریی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێکران. 
 
لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەوە محەممەد مەهدى بەیاتى، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى رێکخراوى بەدر کە پێکهێنەرى سەرەکى هاوپەیمانیى فەتحە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سەردانى هادى عامرى بۆ هەرێمى کوردستان و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى پارتە سیاسییەکان وەک دەستپێشخەریى تایبەتى خۆی و هاوپەیمانیى فەتحە بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و لە چوارچێوەى ئەو دەستپێشخەرییەشدا بڕیارە لەگەڵ سەرجەم سەرکردە سیاسییەکان کۆببێتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە هاتووە، جەخت "لە یەکخستنی ھەوڵە نیشتمانییەکان كرایەوە لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەی دەستووری و یاسایی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی عێراقی تێکەوتووە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆكان و دیالۆگی بونیادنەرانە بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكان." 

 

 
ئەمڕۆ 14ـى ئابى 2022، هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و بە جیا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کۆبووەوە و دواتر چووە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، "یەکێتی پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە سەرجەم لایەنەکان کۆبکاتەوە و ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێککەوتنێکی نیشتمانی و دەربازکردنی وڵات لەو دۆخەی تێیکەوتووە." 
 
لەبارەی سیاسەتی یەكێتییەوە، ‎بافڵ تاڵەبانی باسی لەوە کرد، ‎"لە ماوەی رابردوودا بە ھەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال داوای گفتوگۆی نیشتمانیمان کرد بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.