کۆچبەرێکی کورد لە دارستانەکانی بولگاریا گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی کورد بە ناوی غاندی تەمەن 26 ساڵ لە دارستانەکانی بولگاریا گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەشی داوا دەکەن حکومەت تەرمەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
 
ئەو گەنجە ماوەی حەوت ساڵ لە هەولێر ژیاوە و دوو مانگ پێش ئێستا هەولێری بەرەو ئەوروپا جێهێشتووە. دوایین پەیوەندیشی لەگەڵ خێزانەکەی، 27ی مانگی رابردوو بووە. کەسوکارەکەی دەڵێن، تەرمەکەی دەبەنەوە بۆ قامشلۆ، لەوێ بە خاکی دەسپێرن.
 
غاندی ئەندازیار بوو، بەڵام لە هەولێر لە سەرتاشخانەیەک کاری دەکرد، پێش دوو مانگ لە هەولێرەوە چووە ئێران، لەوێوە بۆ تورکیا و دواییش هەر بە قاچاخ خۆی گەیاندە بولگاریا.
 
برایەکی غاندی لە نەرویجەوە چووەتە بولگاریا بۆ ئەوەی هەواڵی بزانێت، پۆلیس بردوویانەتە سەر تەرمەکەی و بەو شێوەیە براکەی ناسیوەتەوە.