هادی عامری: هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی رۆڵێکی کارایان لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی و هادی عامری کۆبوونەوە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، "جێبەجێکردنی دەستوور لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانە." هەروەها سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح گوتی، "هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی رۆڵێکی کارایان لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە."
رۆژی یەکشەممە 14-08-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دانیشتنەکەدا دوایین رەوشی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا گفتوگۆی لەسەرکرا.
لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستانەوە، هادی عامری ئاماژەی بەوە کرد، "هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی رۆڵێکی کارایان لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکانی عێراق رێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر و هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە تاکو عێراق لەو دۆخە مەترسیدارە رزگاربکەن."
هەروەها مەسرور بارزانی "پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەموو جۆرە دانوستان و گفتوگۆیەک دەربڕی کە لەسەر بنەمای یەکتر قبوڵکردن و بەهێزکردنی متمانەی نێوان گشت پێکهاتەکانی عێراق بێت."
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێیوایە، "پێکهاتەکانی عێراق زۆر بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە کە دەکرێت ببنە بنەمای لەیەکتر نزیکبوونەوە و چارەسەری کێشەکان."
مەسرور بارزانی گوتی، "جێبەجێکردنی دەستوور لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانە و عێراق دەخاتە سەر راستەڕێی پێشکەوتن و بووژانەوە."
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، هادی عامری سەردانی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کرد و کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە عەلی باپیر بە رووداوی گوت، "هادی عامری هاتووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بۆ گفتوگۆیەکی نیشتمانیی فراوان بۆ ئەوەی لەم تەنگانەیە دەرچین."