هادی عامری سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات

14-08-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن سەردانی هادی عامری بۆ هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە.
 
دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 14-8-2022 ، شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە، بڕیارە لەبارەی دۆخی عێراق و پێشهاتە سیاسییەکان گفتوگۆ بکەن.
 
مەدیحە مەکسوسی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا جگە لەوەی باسی پێکهێنانی حکومەت دەکەن و بەشێکی گفتوگۆکان بۆ گفتوگۆکردن دەبێت لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کە بڕیارە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکیبهێنێت.
 
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانیی فەتح گوتیشی، "سەردانەکە بۆ خستنەڕووی دەستپێشخەری نییە، چونکە هیچ دەستپێشخەرییەک نییە، بەڵکو بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی دۆخی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت."
 
باس لەوە دەکرێت، شاندەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی سلێمانیش دەکات بۆ بینینی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، زانیاری نییە کە شاندەکە سەردانی سلێمانیش دەکات یان نا.
 
هەر دوێنێ هادی عامری، لە بەغدا لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
 
ئەو سەردانەی هادی عامری لە کاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی رابردووەوە عێراق کەوتووەتە قۆناخێکی نوێ و جیاواز، دوای ئەوەی سەدرییەکان چوونە نێو پەرلەمانی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگییان بۆ پێکهێنانی حکومەت رەتدەکەنەوە و دژی ئەوەیە چوارچێوە حکومەت دروستبکات.
 
دوای زیاتر لە 10 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، هێشتا بەهۆی ناکۆکیی لایەنە شیعەکانەوە حکومەت پێکنەهاتووە، ناکۆکییەکان موقتەدا سەدری ناچارکرد سەرجەم 73 پەرلەمانتارەکەی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە و 3ی ئەم مانگەش داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.
 
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح  دوای سەردانەکەی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەردانی شاری سلێمانیش دەکات و لەگەڵ هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ و عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کۆدەبێتەوە.
 
محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ هادی عامری و شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی کۆمەڵی دادگەری بکەن."
 
سەرچاوەیەکی باڵای نەوەی نوێش بە رووداوی گوت، بڕیارە عامری لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی سەردانی نەوەی نوێ بکات و لەگەڵ سەرۆکی جووڵانەوەکەش کۆببێتەوە.
 
سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رۆژی یەکشەممە، 14ـی ئابی 2022، خەلیل ئیبراهیم، گوتەبێژ و ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هادی عامری لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی ناکات."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان

هێزەکانی کۆماندۆ: پێشمەرگەیەکی خۆمان بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی راپەڕین دەستگیر کرد

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبار فەیزوڵڵا فەتحوڵڵا محێدین، پێشمەرگە لە هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە