دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: لە کەرکووک و نەینەوا دەستمان بەبانگەشەی هەڵبژاردن کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای هەڵبژاردنی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەڵمەتەکە زیاتر دەکەن، بەرپرسی هۆبەی یاسایی ئەو دەزگایە دەڵێت، 17 هەزار نوێنەریان لەسەر سندووقەکانی هەڵبژاردن دەبێت و چاوەڕوانی زیادبوونی دەنگەکانیانن.
 
هاوار محەممەد، بەرپرسی هۆبەی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 14ی ئابی 2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پارتیی دیموکراتی کوردستان بایەخی تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەدات. دوو ئۆفیسی بانگەشەی هەڵبژاردنمان لە کەرکووک کردووەتەوە و بڕیارە لە نەینەواش ئۆفیس بکەینەوە و ئەو ئۆفیسانەش زیاتر دەکرێن".
 
هاوار محەممەد گوتیشی: "سەرقاڵی ئامادەکارییەکانین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئامادەکارییەکانمان لەکۆتاییەکاندایە، لەدوا کارماندا 17 هەزار نوێنەری خۆمان کە بڕیارە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان بن لە 12 پارێزگای عێراق یەکلاییکردووەتەوە".
 
هاوار محەممەد ئاماژەی بۆئەوەشکرد کە چاوەڕواندەکەن ژمارەی دەنگ و کورسییەکانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەبچێت، زیادبکات و لەوبارەوە دەڵێت: "بەپێی لیکۆڵینەوە نێوخۆییەکانمان ژمارەی کورسی و دەنگەکانمان لە هەڵبژاردنی 2021 زیاددەکات و لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەنگمان هەڵدەکشێت. پارتی لەم هەڵبژاردنە بەهێزتردەبێت".
 
بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەجەف، کەربەلا، واست، دیالە بەربژێری هەیە.