گۆڕستانی هەڵەبجەی شەهید هەڵدەدرێتەوە
رووداو- هەولێر
بڕیارە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەسەر پاشماوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی، گۆڕستانی هەڵەبجەی شەهید لە لایەن حكومەتی عێراق هەڵبدرێتەوە.
لەسەر داواكاری وەزارەتی مافی مرۆڤ و وەزارەتی ژینگەی حكومەتی عێراق، بەهاوكاری بەشی كیمیاوی وەزارەتی بەرگری، بڕیارە پشكنین بۆ گۆڕستانی هەڵەبجەی شەهید ئەنجام بدرێت و لێكۆڵینەوە لەسەر پاشماوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بكرێت .
لە بەیاننامەیەكدا ئەمیر حەسوون، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق، رایدەگەیەنێت :" هەڵدانەوەی ئەو گۆڕستانە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی شاری هەڵەبجەیە لە رووی ژینگەییەوە، كە گۆڕستانەكە تایبەتە بە شەهیدانی هەڵەبجەو تاوەكو ئێستا هەڵنەدراوەتەوە و تۆماریش نەكراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق دووپاتیدەكاتەوە "فەرمانگەی هونەری وەزارەتی ژینگە، سەردانی یەكەمی هەڵەبجەی شەهیدی كردووە و بەر لەوەی كاری هەڵدانەوە بۆ گۆڕەكان بكرێت، لێكۆڵینەوە لەسەر رادەی پیسبوونی ژینگە دەكرێت لە شارەكەدا" .
حەسوون ئاماژەی بەوە كردووە " تیمە تایبەتەكانی وەزارەتی ژینگەو وەزارەتە ناوبراوەكان بەمزووانە دەست بەكاری هەڵدانەوەی گۆڕەكان دەكەن، كە بەیەكێك لە شایەتحاڵەكانی ئەنجامدانی ئەو تاوانانە هەژمار دەكرێت كە رژێمی پێشوو بەرامبەر بە گەلی عێراق ئەنجامیدان".