نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر ترەمپ: نابێت تووندوتیژی جێی لە سیاسەتی ئەمڕۆدا ببێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "نابێت تووندوتیژی جێی لە سیاسەتی ئەمڕۆدا ببێتەوە."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "زۆر دڵگرانم بە هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو [ـی ئەمریکا]. بەکارهێنانی تووندوتیژی لە یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکاندا، سەرکۆنە دەکەم."

کاژێر 06:08ی ئێوارەی رۆژی شەممە بە کاتی نێوخۆی ئەمریکا، واتە کاژێر 1:08ی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە کاتی هەولێر، لە ناوچەی بەتلەری ویلایەتی پەنسیلڤانیا، لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا، تەقە لە ترەمپ کرا و گوللـە بەر گوێی کەوت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێویستە شوێنی تووندوتیژی لە سیاسەتی ئەمڕۆدا نەبێتەوە. دڵم لای سەرۆک ترەمپ، خێزانەکەی و هەموو قوربانیانی ئەم هێرشەیە."

دوو کاژێر دوای رووداوەکە و دوورخستنەوەی لە شوێنی رووداوەکە، ترەمپ رایگەیاند سەلامەتە.

تەقەکەرەکە کە بە گوێرەی نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (FBI) گەنجێکی تەمەن 20 ساڵە، دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە تەقەی لێکرایەوە و کوژرا.

لانیکەم لایەنگرێکی ترەمپ بە گوللـەی هێرشکارەکە کوژرا و دووی دیکە برینداربوون.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی پارتی کۆماری و دیموکراتیش سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.

چۆن روویدا؟

بە کراسێکی سپی، قاتێکی نیلی و کڵاوێکی سوورەوە، ترەمپ لە شار بەتلەری ویلایەتی پەنسیلڤانیا، لە نێو لایەنگرانیدا، لەسەر سەکۆیەک، سەرقاڵی قسەرکردن بوو لەسەر کۆچبەرانی نایاسایی.

کاژێر 6:08ی ئێوارەی رۆژی شەممە بوو بە کاتی نێوخۆی ئەمریکا، واتە کاژێر 1:08ی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە کاتی هەولێر، کە دەنگی تەقە بیسترا.

ترەمپ رووی لە هێڵکارییەکی سەر شاشەیەکی گەورە بوو و بە لایەنگرانی دەگوت: "سەیرکەن بزانن چی روویداوە..." ئەو کاتە دەنگی تەقە، قسەکانی پێ بڕین. چوار گوللــە لەسەر یەک تەقێنران.

ترەمپ گوێی لای راستی گرت. ژمارەیەک کەس هاواریان کرد، "سەرتان نزمکەن و بکەونە سەر زەوی". دواتر دەنگ گوللـەی پێنج و شەشەمیش هات.

سەرۆکی پێشوو لە پشت میمبەرەکە خۆی نووشتاندەوە. لە هەمان کاتدا، ئەندامانی دەزگەی هەواڵگری، خێرا چواردەوریاندا. دەنگی هاواری چەند کەسێک لە نێو جەماوەرەکەدا هات.

لە ماوەی چوار چرکەدا، دەنگی تەقەی زیاتر هات، ئەوەش وایکرد، خەڵكێکی زیاتر لە نێو جەماوەرەکەدا خۆیان بنووشتێننەوە. ژمارەیەکی زیاتری ئەندامانی دەزگەی هەواڵگری رایانکرد بۆ سەر سەکۆیەکە بۆ پاراستنی ترەمپ.

حەڤدە چرکە دوای دەنگی تەقەی یەکەم، دەنگی تەقاندنی گوللـەیەکی دیکە هات و ژنێک هاواری کرد.

22 چرکە دوای دەستپێکردنی تەقە، سێ ئەندامی هێزی ئەمنیی باش چەکدارکراو، چوونە سەر سەکۆکە.

ئەندامانی دەزگەی هەواڵگری خێرا رێنماییان بە یەکدا، وەک "ئێمە لە سەلامەتیداین" و "با بڕۆین،" دواتر قۆڵی ترەمپیان گرت و بەرزیانکردەوە. خوێن بە گوێ و رووخساری ترەمپەوە دیار بوو.

یەک خوولەک دوای دەستپێکردنی تەقەکە، ترەمپ گوتی: "با پێڵاوەکانم بێنم" لە کاتێکدا ئەندامانی دەزگەی هەواڵگری و هێزە ئەمنییەکان ئەڵقەیەکیان بە دەوریدا پێکهێنابوو.

13 چرکە دوای ئەوە، وەک پەیامێکی سەلامەتی و بەهێزی، مستی خۆی بەرزکردەوە و لایەنگرەکانی بە فیکە و چەپڵە وەڵامیان دایەوە. 

لە کاتێکدا سەرۆکی پێشوو لە سەکۆیەکە بردرایە خوارەوە، کڵاوەکەی بە دەستەوە گرتبوو و ئامادەبووانیش هاواریان دەکرد "ئەمریکا، ئەمریکا."

پێش ئەوەی ترەمپ بچێتە نێو ئوتۆمبێلەکەی، جارێکی دیکە رووی کردە لایەنگرانی و دەستی بەرزکردەوە.

دوای بەڕێکەوتنی ئۆتۆمبێلەکە، هێزی ئەمنیی چەکدار هاتنە شوێنی رووداوەکە. 

ترەمپ: هەستم بە گوللـەکە کرد

زیاتر لە دوو کاژێر دوای هەوڵی کوشتنی، ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیەوە، یەکەمین قسەی لەسەر رووداوەکە کرد و رایگەیاند، "گولـلەیەکم  لێدرا کە بەشی سەرەوەی گوێ راستمی بڕی. من دەستبەجێ زانیم کێشەیەک هەیە. گوێم لە ویززەی گولـلە و تەقە بوو و هەستم کرد گوللـەکە بە نێو پێستمدا دەڕوات."

کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدنی سەرۆک هەر زوو لە رووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە.

بایدن لە ویلایەتی دێلاوێر بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هیچ جۆرە توندوتیژییەک لە ئەمریکادا جێی نابێتەوە. ئەمە شتێکە قێزەونە. قێزەونە."

دواتر کۆشکی سپی رایگەیاند، بایدن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ کردووە و بڕیاریداوە کۆتایی بە پشووی خۆی بێنێت و بگەڕێتەوە واشنتن.

ناسنامەی تەقەکەرەکە ئاشکرا کرا

بە گوێرەی FBI، تەقەکەرەکە ناوی تۆماس ماتیو کرووکس، تەمەنی 20 ساڵ و خەڵکی پەنسیلڤانیایە.

FBI لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بۆمان دەرکەوت کە تۆماس ماتیو کرووکس، تەمەن 20 ساڵ، خەڵکی بێتل پارکی ویلایەتی پەنسیلڤانیای بکەری هەوڵی 13ی تەممووزی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەۆرکی پێشووە لە ناوچەی بەتلەری پەنسیلڤانیا."

تەقەکەرەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.

بە گوێرەی FBI، ماڵی تەقەکەرەکە 55 کیلۆمەتر لە شوێنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی ترەمپ دوورە.

میدیای ئەمریکی باس لەوە دەکات، کرووکس لە ساڵی 2022 قوتابخانەی دواناوەندیی بێتل پارکی تەواو کردووە.

بە گوێرەی تۆمارێکی دەنگدەرانی ویلایەتی پەنسیلڤانیا، کرووکس بە یەکێک لە دەنگدەرانی پارتی کۆماری تۆمارکراوە، کە پارتەکەی ترەمپە. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵ، دەبووە یەکەمین جار کە تەمەنی کرووکس بۆ دەنگدان بشێت.

تۆمارەکانی کۆمسیۆنی فیدراڵیی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نیشانیدەدات کە ساڵی 2021، کرووکس 15 دۆلاری بە لیژنەیەکی سەر بە دیموکراتەکان بەخشیوە.

باوکی کرووکس قسەی بۆ میدیای ئەمریکی کردووە و گوتوویەتی هەوڵدەدات بزانێت چی روویداوە و تا وردەکاریی رووداوەکە لە دەزگە ئەمنییەکانەوە نەبیستێت، قسە لەسەر کوڕەکەی ناکات.

ژمارەیەک شایەتحاڵ رایانگەیاند، پێش ئەوەی تەقە بکات، تەقەکەرەیان بینیبوو و هێزە ئەمنییەکانیان لێ ئاگادارکردبوونەوە.

رایان نایت، لایەنگری ترەمپ گوتی، لەسەر بانێکی نزیک لەو شوێنە، هێرشکارەکەی بینیبوو. نایت گوتی: "کە من لەوێ دانیشتبووم، کەسێک گوت: وەی خوایە، ئەم پیاوە تفەنگی پێیە."

ڤیدیۆیەک لە لایەن میدیای ئەمریکییەوە بڵاوکرایەوە کە پێشانیدەدات تەقەکەرەکە لەسەر بانێکە و تفەنگێکی بەدەستەوەیە.

پیاوەکە قژێکی قاوەیی درێژی هەیە و جلی رەنگ خاکیی لەبەردایە.

پۆلیسی ناوچەکە رایگەیاند، بەدەم "ژمارەیەک دەنگۆی هەبوونی جموجوڵی گوماناوییەوە" چوون بەڵام هیچ وردەکاریی دیکەیان نەخستەڕوو.

هێرشكارەکە تفەنگێکی لە جۆری AR-15 پێبوو.

کوژراو و برینداران

لەو رووداوەدا، تەقەکەر و ئامادەبووێکی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە کوژران، دوو لایەنگری دیکەشی ترەمپ بە سەختی بریندار بوون.

دوو شایەتحاڵ بە میدیای ئەمریکیان گوتووە، پیاوێکیان بینیوە کە گوللـە بەر سەری کەوتووە و مردووە.

جۆزێف بە کەناڵێکی ئەمریکیی گوت: "پیاوێک لە تەنیشتم بوو و گوللـەیەکی بەر سەر کەوت، دەستبەجێ کوژرا. ژنێکی دیکە وا پێدەچوو گوللـە بەر باسک یان دەستی کەوتبێت."

شایەتحاڵێکی دیکە کە خۆی وەک پزیشک ناساند، باسی لەوە کرد کە فریای پیاوێک کەوتووە کە گوللـە بەر سەری کەوتبوو. گوتیشی: "پیاوەکە کەوتبووە ژێر کورسییەکان. زۆر خوێنی لێرۆیشتبوو و مۆخی دیار بوو."