ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەبێت ژمارەی لیوا هاوبەشەکان زیاد بکرێت

14-07-2024
پەیمان محەممەد
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، جموجۆڵی داعش زیادی کردووە و ''بۆ بەرەنگاربوونەوەی، دەبێ لیوا هاوبەشەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەردوو حکومەت بە زووترین کات بخرێنە ئەرکەوە و ژمارەیان زیاد بکرێن."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-07-2024، لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتح پێشکێشی دەکات، لەبارەی هێرشەکەی داعش بۆ سەر قەرەهەنجیر رایگەیاند، ''داعش کەڵک لە بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق وەردەگرێت و زۆر جار بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی دێنە نێو شارەکانەوە.''
 
کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، دوو چەکداری داعش هەڵیانکوتایە سەر سوپەرمارکێتێک لە ناحیەی قەرەهەنجیر و دوای ئەوەی ئاسایش گەیشتە شوێنەکە، رووبەڕووبوونەوە روویدا، لەئەنجامدا یەکێکیان کوژرا و ئەوەی دیکە بە برینداری دەستگیرکرا.
 
لیوا روکن بەختیار محەممەد گوتی، ''داعش لە رووی سەربازییەوە تێکشکاوە، بەڵام وەکو بیرۆکە هەر ماوەتەوە و سەرەڕای ئەوەی زەوی بەدەستەوە نییە، دەتوانن بە هێزی بچووک لەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنییە، جووڵەیان هەبێت.''
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی دا، بۆ پاراستنی زیاتری ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، ''پێویستە هاوئاهەنگیی زیاتر لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا هەبێت.'' 
 
بەیانیی ئەمڕۆ ئاڤێستا محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا هەروەها ئاسایشێک شەهید بووە و دووی دیکەش بریندارن و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە."
 
 ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، دەبێ هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بواری هەواڵگریدا بەکاربهێنرێت، ''بۆ ئەوەی بزانین چۆن رووبەڕووی ئەم هێزە [داعش] و پەناگەیانە ببینەوە کە لە ناوچەکەدا هەن.''
 
بەگوتەی بەختیار محەممەد، لە ماوەی رابردوودا، جموجۆڵی داعش زیاتر بووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە، ''راستە هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە هەر هەیە، بەڵام بەراورد بە رابردوو کەمتر بووەتەوە و بەرەبەرە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەرەو راوێژکاری چووە.''
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، ''بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، پێویستە لیوا هاوبەشەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە بە زووترین کات بکەونە سەر کار و ژمارەیان زیاد بکات، بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت چی دیکە سوود لە بۆشاییە ئەمنییەکان ببینێت.''
 
ناحیەی قەرەهەنجیر بەدووری 15 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری کەرکووک و دەکەوێتە سەر رێگەى کەرکووک - سلێمانى.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی گەنجەکە کە دزیی لە باوکی کردووە

پۆلیسی هەولێر: کوڕێک دەستگیر کرا 150 هەزار دۆلاری لە باوکی دزیبوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلسیی هەولێر دەڵێت، بە تۆمەتی دزینی 150 هەزار دۆلار لە باوکی، گەنجێکیان دەستگیر کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، گەنجەکە تەواوی پارەکەی لە قوماری ئەلیکترۆنیدا دۆڕاندووە