مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر دۆناڵد ترەمپ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، تەقە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە کرا، کاتێک سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، بەهۆی تەقەکەوە گوللـەیەک بە گوێی ترەمپ کەوت و برینداربوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە هەروەها دەڵێ "هاوخەمم لەگەڵ قوربانیانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە و هاوپشتیی خۆمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەردەبڕین.".