وەزارەتی پێشمەرگە: پێشبینی دەکەین ئەم هەفتەیە مووچەی مانگەکانی 5 و 6ی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت

14-07-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەم هەفتەیە بەغدا مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان بنێرێت. گوتیشی، "بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە، دەبێت لەگەڵ رێکارە ئیداری و داراییەکانی حکومەتی فیدراڵی بسازێین."

ئەمڕۆ یەکشەممە 14-07-2024 لیوا رووکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن تیمێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی لە لیستەکانی مووچەدا کرا، "پێشبینی دەکەین ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت."

مووچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاتر لە 345 ملیار دینارە، بەو جۆرەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو مووچەیە نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. لیوا رووکن بەختیار محەممەد گوتی، "لە داهاتووشدا ئەگەر تێبینییەک لەسەر لیستی مووچە هەبێت، لە مانگی حەوت و هەشتەوە کاری لەسەر دەکرێت."

بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵی کە لە 21ى شوبات دەریکرد، حکومەتى هەرێمى کوردستانی پابەندکردووە بە رێگەدان بە وردبینیکردنى لیستى مووچەخۆران لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە، بەڵام بەهۆی هەندێک تێبینی لەسەر ناو و ژمارەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانەوە، لە مانگەکانی رابردوودا، ناردنی مووچەکانیان دواخراوە.

 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی دا، "وەزارەتمان لەسەر لیستی مووچەخۆرانی، سەرجەم ئەو داتا و زانیارییانەی خستووەتەوەڕوو کە حکومەتی فیدراڵی داوای کردبوو؛ تاوەکو ئێستاش لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە، شتێک داوا نەکراوە کە جێبەجێمان نەکردبێت."

لیوا رووکن بەختیار محەممەد جەختی لەوە کردەوە، بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، دەبێت دامەزراوە چاودێری، دارایی و ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستان "سازان"یان لەگەڵ رێنوێنییە ئیدارییەکانی بەغدا هەبێت.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر مووچەی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگەکانی پێنج و شەش بەبێ کێشە بنێردرێت، وردبینییەکانی دیوانی چاودێریی داراییش لە کاتی لیستی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت تەواو دەکرێن، "بێگومان تاوەکو ئەوکات، دەرفەتێک هەیە بۆ هەموو هێزە ئەمنییەکان کە بتوانن خۆیان لەگەڵ داتا داواکراوەکان بگونجێنن."

بەختیار محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو کات جیا لە کێشەی تەکنیکی، ئیداری و دارایی، کێشەی سیاسیش هەیە؛ بۆ ئەوەی رێگە بە هەڵوێستە سیاسییەکان نەدەین، دەبێ لە رێکارە ئیداری و داراییەکانی ناردنی مووچەدا، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بسازێین."

11ی تەممووز حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای پەیوەندیی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بڕیاردراوە پارەی ئەو دوو مووچەیە بۆ هێزە ئەمنییەکان خەرج بکرێت کە بۆ مانگەکانى ئایار و حوزەیرانە.

مووچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاتر لە 345 ملیار دینارە، بەو جۆرەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو مووچەیە نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی گەنجەکە کە دزیی لە باوکی کردووە

پۆلیسی هەولێر: کوڕێک دەستگیر کرا 150 هەزار دۆلاری لە باوکی دزیبوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلسیی هەولێر دەڵێت، بە تۆمەتی دزینی 150 هەزار دۆلار لە باوکی، گەنجێکیان دەستگیر کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، گەنجەکە تەواوی پارەکەی لە قوماری ئەلیکترۆنیدا دۆڕاندووە