دەرباز کۆسرەت رەسووڵ: پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی یەکێتییە

رووداو دیجیتاڵ 

لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا حیزبەکەی هێزی یەکەم بووە و هەربۆیە پۆستی پارێزگار بە مافی خۆیان دەزانن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 14-7-2024، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک گوتی، هەر حیزبێک یان لیستێک لە هەر پارێزگایەکی عێراق هێزی یەکەمی هەڵبژاردنی کۆتایی ساڵی رابردوو بووبێت، ئەوا پۆستی پارێزگاری ئەو پارێزگایە بۆ ئەو بووە و هەربۆیە ناکرێت کەرکووکیش لە پارێزگاکانی دیکە جیابکرێتەوە. 
 
دەرباز کۆسرەت ئاماژەی بەوەشکرد، راستە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە بەرکەوتەی خۆیان دەزانن، بەڵام ئەوەی جەختی لەسەر دەکەنەوە ئەوەیە کە "کوردێکی باش پارێزگار بێت و یەکێتی دەستنیشانی بکات". 
 
گوتەی لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتێکدایە، لە کانوونی یەکەمی رابردوودا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و 14 پارێزگای دیکەی عێراق کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا پارێزگاری کەرکووک هەڵنەبژێردراوە و حکومەتی خۆجێیی کەرکووکیش پێکنەهێندراوە. 
 
کورد 7 کورسی (یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی)، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی بەدەستهێنا؛ کریستیانەکانیش 1 کورسیى کۆتایان هەیە. 
 
ئەنجوومەنى پارێزگا لە 16 کورسى پێکدێت و هەڵبژاردنى پارێزگار پێویستى بە 9 ئەندامە.