کۆنسووڵی فەرەنسا: ئەیلوولی ئەم ساڵ کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا - کوردستان سازدەکرێت

دوێنێ کاژێر 11:21
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دۆستایەتی بەهێزی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستانی عێراق داینەمۆیەکی بەهێزە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لە هەموو بوارێکدا."
 
ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان "لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان سازدەکرێت؛ هەروەها پەیمانگەی فەرەنسی لە هەولێر پڕۆگرامی نوێ دەکاتەوە و لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چالاکی دەبێت". 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی تەممووزی 2024، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، بەرپرسانی حکومی و حیزبی، نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوە و ئایینیەکانی هەرێمی کوردستان، کۆنسووڵ و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسیەکان، رێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی رۆژی نیشتیمانیی فەرەنسا لە هەولێر بەڕێوەچوو.

 

 
رێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتیمانیی فەرەنسا، عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، برێم یان، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "یادکردنەوەی 14ی تەمموز بۆ گەلی فەرەنسا بۆنەیەکی گرنگی یەکترشادبوونەوەیە، سەڕەرای جیاوازە سیاسییەکان و دۆخی ئابووری و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان. 14ی تەمموز ئاهەنگێکی میللییە بۆ بەرزڕاگرتنی ساتە دامەزرێنەرەکانی کۆمار و بەها جیهانییەکانی". 
 
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا ئاماژەی بە سێ دروشمە سەرەکییەکەی شۆڕشی فەرەنسا کرد و رایگەیاند: "ئەو سێ دەستەواژەیە تا ئێستا بەها و واتایان لەدەستنەداوە؛ ئەوانە سێ بەهان کە لە دەرەوەی فەرەنساش کۆمان دەکەنەوە و ئێوارەی هاوشێوەمان بۆ دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی لەگەڵ گەلی کوردستانی عێراقی دۆست پێکەوەبین." 
 
برێم یان ئاماژەی بە هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، قوربانیانی هێرشەکانی داعش و بەتایبەت ئەو ژمارە زۆرەی "ئێزدییە چەوساوەکان" بەبیردەهێنینەوە؛ ئاماژەشی بەوەشکرد، لە شەڕی دژی داعشدا هێزەکانی فەرەنسا و چەندین وڵاتی دیکە شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگە رووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەوە. 
 
برێم یان گوتیشی: "ئەو دۆستایەتییەی نێوان هەردوو گەلانمان لەو کاتەوەی گەیشتوومەتە هەولێر و دەستبەکاربووم کە بەر لە هەشت مانگ بوو، بە قووڵی هەستم پێکردووە. بڕوای تەواوم هەیە کە ئەم دۆستایەتییە داینەمۆیەکی بەهێزە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لە هەموو بوارێکدا؛ لە بواری سیاسی، ئەمنی، کولتووری، پەروەردەیی، ئابووری و زانستی". 
 
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەولێر کردەوە و رایگەیاند، "لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان سازدەکرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیاکانمان؛ هەروەها پەیمانگەی فەرەنسی لە هەولێر پڕۆگرامی کار و چالاکییەکانی نوێ دەکاتەوە و لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چالاکی ئەنجام دەدات. هەروەها ئەم ساڵ یادی 100 ساڵەی لەدایکبوونی دانیێل میتەرانە کە لە هەولێر یادی دەکەینەوە. هەروەها لەو بوارانەی کە پێویست دەکات، قورسایی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگیمان بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانمان."
 
برێم یان روونیکردەوە، بەسەرپەرەشتی باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا، هەموو دامەزراوە فەرەنسییەکان خۆیان تەرخان کردووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە