لە قەرەهەنجیر دوو چەکداری داعش رووبەڕووی ئاسایش بوونەوە و یەکێکیان کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

لە ناحیەی قەرەهەنجیری سنووری پارێزگای کەرکووک لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکدارانی داعش و هێزەکانی ئاسایش، چەکدارێکی داعش کوژرا و کارمەندێکی ئاسایشیش شەهید بوو.
 
ئاڤێستا محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە) دوو چەکداری داعش هەڵیانکوتاوەتە سەر سوپەرمارکێتێک و دواتر لەنێو قوتابخانەیەکدا خۆیان حەشارداوە، دوای ئەوەی ئاسایش گەیشتە شوێنەکە، رووبەڕووی ئاسایش بوونەوە و یەکێکیان کوژرا و ئەوەی دیکە بە برینداری دەستگیرکرا."
 
ئاڤێستا محەممەد گوتی "لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا هەروەها ئاسایشێک شەهید بووە و دووی دیکەش بریندارن و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە."
 
لەبارەی ناسنامەی چەکدارەکانیشەوە هیچ زانیارییەکی نەخستەڕوو. 
 
"چوار کردەوەی تیرۆرستیان کردووە" 
 
دەزگای گشتیی ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەم رووداوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئەم دوو چەکدارەی گرووپی تیرۆریستیی داعش، بەمەستی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی روویان لە ناوچەکە کردبوو."
 
دەزگاکە زانیاریی زیاتریش دەخاتەڕوو و دەڵێ چەکدارەکانی داعش "لە رابردوودا لە کردەوەی یەکەم کارمەندێکی پۆلیس شەهید دەکەن لە گەڕەکی شۆراو، لە کردەوەی دووەمدا لە گەڕەکی پەنجا عەلی، لە کاتی دانانی بۆمبی چێنراو رووبەڕووبوونەوە روویدا و کارمەندێکی پۆلیس شەهید بوو، هەروەها لە کردەوەی سێیەمیاندا دوو کارمەندی دیکەی پۆلیسی کەرکووک لەنێو بازاڕی کەرکووک شەهید دەکەن، لە کردەوەی چوارەمیشدا لەبەردەم نەخۆشخانەی جمهووری ئەفسەرێکی پۆلیسیان شەهیدکرد، تیرۆریستان چەندین کردەوەی تیرۆریستیان ئەنجام داوە."
 
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی ناسنامەی ئەو کارمەندەی ئاسایش کە ئەمڕۆ شەهید بوو، رایگەیاند "بەداخەوە لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوە لە قەرەهەنجیر کارمەندێکی ئاسایش بە ناوی جوامێر عەزیز رەشید، شەهید بوو و کارمەندێکی دیکەمان برینداربوو."
 
ناحیەی قەرەهەنجیر بەدووریی 15 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری کەرکووک و دەکەوێتە سەر رێگەى کەرکووک - سلێمانى.