ئاگر لە باخی دوو هاونیشتمانی لە سنووری زاخۆ کەوتەوە

دوێنێ کاژێر 08:56
سینا سۆما
دیمەنی ئاگرکەوتنەوە لە رەز و باخی هاونیشتمانییان لە زاخۆ. وێنە: رووداو
دیمەنی ئاگرکەوتنەوە لە رەز و باخی هاونیشتمانییان لە زاخۆ. وێنە: رووداو
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندی قەرەوەلی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاگر لە باخ و رەزی دوو هاونیشتمانی کەوتەوە. خاوەنی یەکێک لە باخەکان دەڵێت، مەزەندە دەکەن لەنێوان 600 بۆ 700 دۆنم سووتابێت. 
 
خاوەنی یەکێک لە باخەکان بەناوی بەشار بۆ غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە زاخۆ قسەی کرد و گوتی: "کاژێر 12ی نیوەڕۆ ئاگادارکراینەوە کە ئاگر لە باخەکانمان کەوتووەتەوە و سەرەتاش لە کێڵگەیەکی گەنمی نزیک لە باخەکان دەستیپێکرد و دواتر تەشەنەی کرد". 
 
بەشار گوتی، ئەو شوێنەی ئاگری تێدا کەوتووەتەوە زیاتر لە هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵییە کە ژمارەیەکی زۆر داری سپینداری تێدایە و لە ساڵی 1998ەوە چێنراون، هەروەها لەنێوان 12 تا 13 هەزار داری میوەی لێ چێنراوە.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "مەزەندە دەکەین لەنێوان 600 تا 700 دۆنمی باخ سووتابێت". 
 
ئەو هاونیشتیمانییە ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئاگرکوژینەوە و بەرگریی شارستانیی زاخۆ زوو گەیشتنە شوێنەکە، بەڵام لەبەر بەهێزیی ئاگرەکە و فراوانی رووبەرەکە زوو کۆنترۆڵ نەکرا.
 
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، هاونیشتیمانییەکە گوتی، "نازانین هۆکارەکەی چییە. نازانین بەئەنقەست بووە یان نا، بەڵام ئاگرەکە لەو کێڵگە گەنمانەی تەنیشتەوە دەستیپێکردووە و دواتر تەشەنەی کردووە".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە