پیاوێک لە هەولێر ژنەکەی و دوو منداڵی ئۆتیزمی جێدەهێڵێت: داوای پیتزا دەکەن و پارەم نییە بیکڕم بۆیان

 
رووداو - هەولێر

دایکێک لە هەولێر بە دوو منداڵی ئۆتیزمەوە، بەبێ هاوژین و ماڵی تایبەتی خۆی، ململانێ لەگەڵ سەختییەکانی ژیان دەکات. چیرۆکی ناخۆشییەکانی ئەم دایکە لەگەڵ هاوژینەکەی، ئەو کاتە دەستپێدەکات کە ژنەکە دوای پشکنین بۆی دەرکەوتووە دوو کچەکەی ئۆتیزمیان هەیە، دوای ئەوەش بڕیار دەدات منداڵەکانی بنێرێت بۆ سەنتەرێکی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم، بەڵام "هاوژینەکەی رێگر بووە منداڵەکان بۆ راهێنان بچنە سەنتەر، رێگرییەکەش بووە هۆی لێکترازانی خێزانەکە."
 
دایکی دوو منداڵە ئۆتیزمەکە دەڵێت، "باوکیان هەر دەیگوت: سەنتەرەکان هیچ سوودیان نییە، تەنیا پارەمان لێ وەردەگرن. ئەوەتا منداڵەکانم لە سەنتەری ئیماراتی دەزگای خێرخوازی بارزانین، کە بە خۆڕاییە، خۆ پارەش نادات، ئەگەر کێشەی پارەکە بووە. هاوژینەکەم کە زانیی منداڵەکان نەخۆشن و دەبێت مانگانە خەرجییان بکات، منی جێهێشت و دوو منداڵیشی بەسەرمەوە جێهێشت."
 
دوو ساڵە ئەم ژنە لەگەڵ منداڵەکانی لە ماڵی باوکی دەژی، هاوژینەکەی خانووەکەی پێ چۆڵ کردوون؛ ژنەکە دەڵێت، تەنانەت دوای جیابوونەوەیان لە دادگا، هاوژینەکەی ئامادە نەبوو کچەکان لەئەستۆ بگرێت، جگە لەوەش، دەبێت بە بڕیاری دادگا، مانگانە بۆ خەرجیی هەر منداڵێک 135 هەزار دینار بدات، کەچی تاوەکو ئێستا ئەو پارەیەشی نەداوە.
 
ئەو ژنە باسی لەوەش کرد، "جاری وا هەبووە کچەکەم داوای پیتزایەکی کردووە، کە بە 2500 دینار بووە، لە توانام نەبووە بۆی بکڕم."
 
هێشتا بە باشی دەست و پەنجەکانیان تێکەڵ بە ئاواز و سەختیی ریتمەکانی ژیان نەبووە، کچە گەورەکە تەمەنی شەش ساڵە و 50%ی ئۆتیزمی هەیە، دوای راهێنان توانراوە بنێردرێتە قوتابخانە، خوشکە بچووکەکەشی تەمەنی پێنج ساڵە و 100% ئۆتیزمی هەیە، ئەو ‌هێشتا بەرادەوامە لە وەرگرتنی راهێنان.