پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
سبەی دووشەممە، وادەی پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارت و بەربژێرانی تاکەکەسی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت. بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنیش ژمارەی ئەو پارت و لایەنانە ئاشکرادەکات کە لە گەڕی دووەمی وەرگرتنی لیستەکاندا ناویان پێشکێشکردووە.
مەروان محەممەد نەجات، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی دووشەممە، 15ـی تەممووزی 2024، وادەی پێشکێشکردنی ناوی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارت و بەربژێرانی تاکەکەسی کۆتایی دێت. ئەگەرێک هەیە کۆمیسیۆن وادەکە درێژبکاتەوە، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لەو بارەوە دەدرێت".
مەروان محەممەد گوتی، تاوەکو ئێستا لە رێگەی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنەوە دوو هاوپەیمانی، 11 پارتی سیاسی، 35 بەربژێر لیستی ناوەکانیان پێشکێشکردووە.
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە گەڕی دووەمی وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێرانی هاوپەیمانێتی، پارت و بەربژێرانی تاکەکەسی کە لە 4ـی ئەم مانگە دەستی پێکرد، پارتێکی سیاسی، 16 بەربژێری تاکەکەسی کە 8 تورکمان، 3 کریستیان و 5 بەربژێری دەرەوەی کورسیی کۆتاکانن، لیستی ناوەکانیان داوەتە کۆمیسیۆن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆن زیاتر لە 80٪ـی ئامادەکاری و رێکارەکانی تەواوکردووە. لیستی بەربژێران، چاپکردنی کاخەزی دەنگدان، راهێنان بە کارمەندانی کۆمیسیۆن، سێ دیارترین هەنگاوەکانن ماون.
26-06-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.