دەستەی خانەنشینیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان: لیستی خانەنشینان بە گۆڕانکارییەکانی هاوتاکردنەوە بنێرن

16-07-2024
زیاد ئیسماعیل
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

مامۆستا واحید لە دەیەی حەوتەمی تەمەنیدایە، هەرچەندە خانەنشین بووە، بەڵام کەمیی مووچەکەی، کە نزیکەی نیو ملیۆن دینار کەمترە لە هاوتاکانی لە بەغدا، ناچاری کردووە لە کتێبخانەیەک کار بکات.
 
واحید عەزیز، مامۆستای خانەنشین دەڵێت، "لە ماوەی دەستبەکاربوونم 42 ساڵ لە قوتابخانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو مامۆستا، بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار کارم کردووە، 8 ساڵیش لە قوتابخانە ناحکومییەکان بەڕێوەبەر بووم. واتە 50 ساڵی رێک کارم کردووە. ئەگەر سەردانی پزیشک بکەم لانیکەم یەک بۆ دوو وەرەقەم پێویستە بۆ پشکنین، هێڵکاریی دڵ و تاقیگە، ئەمانە نزیکەی سێ لەسەر چواری مووچەکەم دەبات، کەواتە بەشم ناکات و مووچەکەم زۆر لە کورتی دەدات."
 
حکومەتی عێراق لیژنەیەکی باڵای بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان پێکهێناوە؛ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، دەستەی گشتیی خانەنشینی و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ حەوت لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی عێراق ئەندامی ئەو لیژنەیەن، بەڵام تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام نەداوە.
 
لەیلا تمیمی، سەرۆکی لیژنەی پلانی ستراتیژی دەڵێت، "دروستکردنی لیژنە و کارکردنی بە ئاراستەی هاوتاکردن، هەنگاوێکی زۆر گرنگە، بەڵام پێویستمان بە گوشاری گەورەتری حکومەتە، لە راستیدا لێرە پەرلەمانتاری زۆری کورد هەن لە فراکسیۆنە سیاسییە جیاوازەکان، دەخوازم لە هەنگاوی داهاتووی کاری وەرزی نوێی یاسادانان، گوشار بکەین بە ئاراستەی چارەسەرکردنی بابەتەکە و گەیشتن بە ئامانجێک هیچ زیانێکی بۆ هاووڵاتییان نەبێت، لە هیچ پارێزگایەک لە پارێزگاکان، بەتایبەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان."
 
نزیکەی دوو ساڵە دادگەی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق کار بکات. رووداو زانیویەتی، دەستەی خانەنشینیی عێراق نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی کردووە، ئەو مانگە لیستی خانەنشینان بە گۆڕانکارییەکانی هاوتاکردنەوە بۆ بەغدا بنێرن.
 
‎لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 277 هەزار خانەنشین هەن، بە تەواوکردنی رێکارەکانی لیژنە تایبەتەکە، ئیدی رێگەیەک لەبەردەم وەزارەتی دارایی عێراق نامێنێتەوە جگە لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی بەغدا، ئەمەش کۆتایی بە چاوەڕوانیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە