سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: لەگەڵ تورکیا لەسەر هێڵین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

14-07-2023
هیدایەت جان
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "داوامان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەڕێوەببات و چاوەڕوانین وەڵاممان بدەنەوە". لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە گوتی، لەگەڵ تورکیا لەسەر هێڵن بۆ دەستپێکردنەوەی.
 
رۆژی هەینی، 14ـی تەممووزی 2023، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە بەختیار قادر، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر فەرمانی سەرۆک، مانگ و نیوێک لەمەوبەر سەردانی بەغدامان کرد و گفتوگۆمان لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کرد و بۆچوونی نەتەوە یەکگرتووەکانیشمان وەرگرت کە ئایا ئەمساڵ دەتوانن هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن."
 
چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 
 
فەوزی هەریری گوتی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی بانگهێشتی هەولێر کرد و بە ئامادەبوونی جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرووەکان بۆ عێراق گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا".
 
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "رۆژی 10ـی تەممووز نووسراوێکمان ئاراستەی بەغدا کرد کە تێیدا وەبیرمان هێنانەوە کە رۆژی 26-03-2023 سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ژمارە 90ـی دەرکردبوو و رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو، بۆیە داوامانکرد لەو رۆژەدا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت".
 
لە نووسراوە فەرمییەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە کە ئەگەر لەو رۆژەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو وادەی هەڵبژاردن دیاریکردووە ناتوانن هەڵبژاردن بەڕێوەببەن، لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەم و لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقدا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن و بە گوتەی فەوزی هەریری، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئاگادارمان بکەنەوە کە ئاخۆ دەتوانن ئەو داواکارییە جێبەجێبکەن".
 
رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2024 وادەی کاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتاییدێت، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەگەر کۆمیسیۆن توانای ئەوەی نەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، دەبێت چاوەڕێ بکرێت پەرلەمانی عێراق کۆمیسیۆنێکی دیکە هەڵبژێرێتەوە و ئەوەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات".
 
لەبارەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، فەوزی هەریری رایگەیاند، "سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کۆک بوون لەسەر ئەو وادەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاریکردبوو و ئەگەر لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەم لە کوردستانیش هەڵبژاردن بکرێت، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پێشوازی لێدەکەن".
 
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
 
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا و تاوەکو ئێستا دەستی پێ نەکردووەتەوە. سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەردەوامن و لەسەر هێڵین" بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتەکە.
 
لەدوای بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند جارێک سەردانی بەغدای کرد و لە دوا سەردانییدا رۆژی 5ـی ئایاری 2023 دوای کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیداری بەغدا بەشداریکرد و باسی لە هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی لەو دیدارەدا رایگەیاند، "ئێستا تیمی ئێمە لەگەڵ بەغدا یەک تیمن و پێکەوە لەگەڵ تورکیا لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن و تیمی جیاوازمان نییە بۆ ئەم بابەتە. هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون و دڵنیاشم کە چارەسەر دەکرێن. پێش ئەوەی بێمە دیدارەکەش لەگەڵ سەرۆکوزەیران قسەمان کردووە و باسی ئەم بابەتەمان کرد؛ بۆیە ئەم کێشانە رێگر نابن و دڵنیام دەگەینە لێکتێگەیشتن".
 
نێچیرڤان بارزانی رۆژی 26-6-2023ش لە بەرلین و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئولاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی، "بابەتی نەوتی کوردستان پرسێکە کە بەشێکی پەیوەندی بە بەغداوە هەیە و بەشەکەی دیکەشی پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوەی دەیبینین، زۆر بەداخەوە، لە بەغداوە ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بنرێن بۆ ئەوەی نەوت دووبارە هەناردە بکرێتەوە، ئەو هەنگاوانە نەنراون".
 
هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکەیەوە بەشی زۆری داهاتەکەی لەدەستداوە، بۆیە کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانیش دروست بووە.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، زیانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25-3-2023ەوە بۆ 25-6-2023 زیاتر لە دوو ملیار 650 ملیۆن دۆلار بووە. 
 
زیانەکانی مانگی نیسان
 
بەدرێژایی مانگی نیسان، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرابوو. عێراق لە مانگی نیساندا هەر بەرمیلێک نەوتی بە 74 دۆلار فرۆشتووە، زیانەکانی رۆژانەی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا 29 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بووە، لە مانگەکەدا دەکاتە 880 ملیۆن دۆلار.
 
زیانەکانی مانگی ئایار
 
لەمانگی ئایاردا، بەپێی داتاکانی رەشنووسی بودجە، دەبووایە هەرێمی کوردستان 12 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل هەناردە بکات، لەو مانگەدا هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە 71 دۆلار و 30 سەنت فرۆشراوە، بەو پێیە هەرێمی کوردستان و عێراق  884 ملیۆن و 120 هەزار دۆلار زیانیان لە ئەنجامی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرکەوتووە.
 
زیانەکانی مانگی حوزەیران
 
لە 1-6 تاوەکو 25-6 هەرێمی کوردستان رۆژانە بڕی 28 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، کۆی زیانەکانی ئەو 25 رۆژە دەگاتە 700 ملیۆن دۆلار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."