لایەنە کوردییەکانی خورماتوو لیستیان نابێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین


رووداو دیجیتاڵ

کورد لە خورماتوو چاوی لەوەیە نوێنەرێکی بنێرێتە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین. بێستوون کە نیڤشکانی پێشمەرگەیە و بەهۆی رووداوەکانی ئەو شارەوە تووشی دەردەسەریی زۆر بووە، دەڵێت، "لەهەر شوێنێک لایەنەکان بۆچووونی جیاوازیان هەبێت، پێویستیی دۆخی خورماتوو دەبێت یەکیان بخات تاوەکو هەوڵ بۆ ئەو ئامانجە بدەن."
 
بێستوون بڕوای وایە بە یەکدەنگیی لایەنەکان خەڵک بەپەرۆشتر دەبن و دەتوانرێت نوێنەرێکی راستەقینە بگەیێندرێتە سەر کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگا. ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، "داوامان لە سەرجەم حیزب و لایەنەکانە یەکبگرن و یەکگرتووبن، خاوەنی یەک کاندید بن و ئەو کاندیدە دڵخوازی خەڵکی ئەم شارە بێت، بۆئەوەی دەنگی پێویست بهێنێت و خزمەتی ئێمە بکات."
 
لایەنە کوردییەکانی خورماتوو بۆ ئەو هەڵبژاردنە لیستیان نابێت، چونکە بەو یاسایە ئەستەمە دەنگیان لە لیستێکدا کۆببێتەوە، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان یەک بەربژێر دیاری بکەن لەنێو یەکێک لە لیستە عەرەبییەکان لە سەلاحەدین، بەڵام تائێستاش هەمووان لەسەر ئەو یەک بەربژێرییە رێک نەکەوتوون.
 
مەلا کەریم شکور، لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی گوتی، "ئێمە وەکو کورد ناتوانین ژمارەیەک بهێنین تاوەکو کورسی بەدەست بهێنین، بۆیە ناچارین وەکو کورد بە یەک کاندید بچینە نێو لیستێکی عەرەبییەوە لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، لە هەوڵداین لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆمان رێکبکەوین لەسەر یەک کەس، ئەگەر ببێتە دوو کەس دەنگەکان دابەش دەبێت."
 
کورد لە خورماتوو نزیکەی 35 هەزار دەنگدەری هەیە، بەڵام بەشێکی دەنگدەران ئاوارەی شارەکانی دیکە بوون و لایەنەکان کار لەسەر گەڕانەوەی ئەو دەنگانەش دەکەن. خورشید محەممەد، خەڵکی خورماتووە و ئێستا ئاوارەیە لە کەرکووک، دەڵێت، وێڕای خراپیی دۆخەکە کە بووەتە هۆی دەربەدەربوونیان، بەڵام ئامادەن بچنەوە بۆ دەنگدان.
 
خورشید محەممەد بە رووداوی گوت، "خۆم بە ئۆتۆمبێلی خۆم دەچم بۆ دەنگدان بۆئەوەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگامان هەبێت و خزمەتی خورماتوو بکات."
 
کامەران محەممەد، ئاوارەیەکی دیکەی خورماتووە و باس لەوە دەکات، "وەکو پێش 16ی ئۆکتۆبەر نییە، ئەو دۆخە نەگەڕاوەتەوە و ناگەڕێتەوە، ئێمە کە هەوڵ دەدەین و دەمانەوێت کورسی بەدەست بهێنین، بۆئەوەمانە پێگەی کورد بەهێزبکەینەوە."
 
ئەگەری ئەوە هەیە لایەنە کوردییەکان لەگەڵ عەزم یان تەقەدوم یان جەماهیر رێکبکەون تاوەکو بەربژێرێک دیاری بکەن لەنێو لیستەکانیان بۆ ئەوەی ئەگەری سەرکەوتنی زیاتر بێت.