راکان جبووری دەدرێتە دادگە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو، راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، لەسەر سکاڵای ژمارەیەک جووتیاری کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک دادگایی بکرێت. سەرچاوەیەک لە دادگەی کەرکووک دەڵێت: "هێشتا دیارنییە پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت ئامادە دەبێت یان پارێزەرەکەی دەنێرێت."
رۆژی هەینی، 14-7-2023، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی یەکشەممە، 16ـی تەممووزی 2023 بەهۆی بەکارهێنانی سوپا بۆ هەوڵی دەرکردنی جووتیارانی کورد لە ناوچەکانیان و جێگیرکردنی عەرەبی هاوردە لە شوێنەکانیان، هەروەها دەیان نووسراو بۆ هاوردەکردنی عەرەبی هاوردە بۆ ئەو ناوچانە و جێگیرکردنیان، راکان جبووری دادگایی دەکرێت."
سکاڵاکەی سەر راکان جبووری لەلایەن پارێزەرێکی دانیشتووی شاری کەرکووکەوە تۆمار کراوە.
سەبارەت بە ئامادەبوونی راکان جبووری لە دانیشتنەکەی دادگە، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "هێشتا روون نییە خۆی ئامادە دەبێت یان پارێزەرەکەی دەنێرێت."
لەپاش رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017، ئیدارەى شارەکە لەلایەن راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت و لایەنە کوردستانییەکان بەردەوام رەخنەی ئەوەی لێدەگرن، عەرەبی هاوردە کە بەشێکی زۆریان لە قەرەبووکردنەوەی مادەی 140 سوودمەندبوون دەگەڕێنێتەوە ناوچە کوردنشینەکان.