رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان داوا لە کۆمپانیاکانی تایبەت بە رێکخستنی عومرە دەکات رێکلام بۆ ئەو گەشتە نەکەن تاوەکو رێنمایی نوێی عومرە دەردەچێت. بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەش دەڵێت، دوای ئەوەی لە حەج گەڕانەوە، رێنمایی نوێ بڵاودەکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 14-7-2022، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دایە ئەو کەس و کۆمپانیایانەی گەشتی عومرە رێکدەخەن و دەستیان بە رێکلامکردن بۆ ئەو گەشتە کردووە و دەڵێت: "ئاگاداری سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە؛ ئەوانەی دەیانەوێت بۆ ئەمساڵ گەشتی عومرە رێکبخەن، تاوەکو رێنمایی نوێ لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەردەچێت، نابێت رێکلام بکەن بۆ ئەو گەشتە؛ رێگە بە هیچ کۆمپانیا و کەسێک نادرێت بەدەر لە رێنماییە فەرمییەکان، رێکلام لە میدیاکان و سوشیاڵمیدیا بکەن؛ هەر کۆمپانیا و کەسێک ئەو کارە بکات رووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە و گەشتی حەج و عومرەی بە يەكجاری لێ قەدەخە دەكرێت."
لەو بارەوە شێخ نیاز راغب، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا هیچ رێنماییەکی نوێمان لەبارەی گەشتی عومرەوە بڵاونەکردووەتەوە؛ بۆیە دەبێت ئەو کەس و کۆمپانیایانەی لەو بوارەدا کاردەکەن، چاوەڕوانی دەرچوونی رێنمایی نوێ بکەن کە دوای هاتنەوەمان لە حەج و وەرگرتنی رێنماییە نوێیەکان لە دامەزراوەکانی سعودیە ئینجا رێنماییەکان بڵاودەکەینەوە."
ساڵانە لە هەرێمی کوردستانەوە، دەیان هەزار کەس بەمەبەستی بەجێگەیاندنی گەشتی عومرە سەردانی سعودیە دەکەن و بەپێی ساڵەکان ژمارەی عومرەکاران دەگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ