رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک نزیکەی ساڵێکە لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوەبەری پڕۆژەیەکی یونسکۆیە بە ناوی سەنتەری ناساندنی قەڵای هەولێر. ئەو مێژوو و شێوازی ژیانی قەڵا بە گەشتیاران دەناسێنێت.
سەلار سەنگەر، نەوەی رەشید ئاغایە کە بنەماڵەیەکی ناسراون لە مێژووی دوو سەدەی رابردووی قەڵت و حوکمڕانیی هەولێر. رەشید ئاغا لە ساڵی 1899 تا ساڵی 1904 سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بووە و دژی ئینگلیزەکان شەڕی کردووە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "رەشید ئاغا دەکاتە باپیری باپیرم.. لە منداڵیەوە هەردوو داپیرم چۆنێتیی قەڵای هەولێریان بۆ باسکردووم، هەموو کات بۆم باسدەکەن چۆنبووە ژیان، منیش هەر لە منداڵیەوە حەزم دەکرد، قەڵای هەولێرم زۆر پێخۆشبوو".
سەلار ئەندازیاری تەلارسازە، خۆشەویستی بۆ مێژووی باپیرانی هانیداوە ماوەیەک وەک ئەندازیاری خۆبەخش کار بکات بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵا، دواتریش بە هاتنە پێشەوەی هەلی کارکردن لەم پڕۆژەیەی یونسکۆ 8 کاژێری رۆژانەی لەگەڵ 12 کچ و کوڕی دیکە تەرخانکردووە بۆ باسکردنی مێژووی قەڵا و شێوازی ژیانی ئەو بنەماڵانەی لەسەری ژیاون.
دیوەخانی رەشید ئاغا هێشتا نۆژەن نەکراوەتەوە و هەندێک شوێنی مەترسیی رووخانی لەسەرە، سەلار بەهیوایە بە نۆژەنکردنەی دیوەخانەکەی باپیرە گەورەی بتوانێت هەر لەو دیوەخانەوە پێشوازی لە گەشتیاران بکات و باسی مێژووی قەڵا و رەشید ئاغایان بۆ بکات.
پایەدار بەرزنجی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لەبارەی کارکردنی سەلار لە قەڵاکە دەڵێت، "کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێ.. بەتایبەتیش کە لینکێکی رووحی هەیە لە نێوان سەلار خان و قەڵای هەولێر خۆی رۆڵەی قەڵاتی هەولێرە کچی قەڵاتی هەولێرە، لەبەر ئەوە ئەو لینکە رووحییە وادەکات زیاتر کارەکانی خۆشبوێت زیاتر و بەجۆشتر کارەکانی ئەنجام بدات".
قەڵای هەولێر بە تەمەنی شەش هەزار ساڵیەوە بە كۆنترین شاری دنیا دێتە هەژمار، كە ژیان تێیدا بەردەوامە و لە لیستی 100 گرنگترین شوێنەواری جیهانە. ئەم قەڵایە لەساڵی 2007 نۆژەنکردنەوەی خانووەکانی دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا ٪20 نۆژەنکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ