رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە تۆڵەی شەهیدکردنی 10 پێشمەرگە و سێ برا کە ساڵی رابردوو لە گوندی خدرجیجەی سنووری مەخموور لە هێرشێکدا شەهید کران، یەکێک لەو چەکدارانەی کە سەرپەرشتیی هێرشەکەی کردووە لەگەڵ سێ چەکداری دیکە کراونەتە ئامانج و کوژراون.
شەوی پێنجشەممە 02-12-2021، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر گوندی خدرجیجەی سەر بە قەزای مەخموور، لە هێرشەکەدا 10 پێشمەرگە و سێ برا بە ناوەکانی ئازاد، بارزان و نازم شەهیدبوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەو چەکدارانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق خۆیان حەشاردابوو، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەکان، توانرا شوێنەکانیان دەستنیشان بکرێت و بکرێنە ئامانج و بکوژرێن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 5ـی تەممووزی 2022 بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشی تۆڵەکردنەوە لەو هێرشکارانەی داعش ئەنجامدراوە و توانراوە (حاچم محەممەد رشید ربیع الاسحاقی) و سێ چەکداری دیکە کە یەکێکیان ناسراوەتەوە بە ناوی (ساڵح مەحموود عەتییە جبووری) کە ئەمیری مەفرەزەیەکی داعش بووە لە چیای قەرەچووخ، بکرێنە ئامانج و لە ئەنجامدا هەموویان کوژراون.
هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کەسێکی دیکەی بە ناوی ( ق، ی، ح، ا) دەستگیرکردووە و دەڵێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، دانی بەوەدا ناوە کە ئاسانکاری و هاوکاریی لۆجستی و بۆ مەفرەزەکانی چەکدارانی داعش کردووە.
( ق، ی، ح، ا) لە گرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانانەکەیدا دەڵێت: "ساڵێکە ئەمیرێکی داعش تەلەفۆنی بۆ کردم ناوی باوکی دوعا بوو، گوتی دەبێ خۆراکمان بۆ بێنی، منیش بە تەکسی خۆم بۆم بردن، وەکو برنج و ئارد و شەکر و دۆشاوی تەماتە، مۆبایل و کارت و ئەو شتانەم لە دەشتێکدا لای بیرێک دانا ، گوتی بۆم لێرە دانێ لای بیرەکە، ئەمنیش لەوێم دانا و ئەویش پارەی کەلوپەلەکانی دادەنا و دەمهێنا، ئەو شتانەم لە هەولێر یان دووبز لە هەرشوێنێک چووبام لە دووکان دەمبرد، شوێنەکە خوار گوندی گێسمە بوو، لەوێم دادەنا، لەوێش پارەکەی بۆم دادەنا، کە دەمبرد، پارەکەم دەهێنایەوە، بەردەوام کەلوپەلم بۆ داعش دەبرد تاوەکو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرام."
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هێرشەکەی شەوی 2ـی کانوونی یەکەمی 2021 لەڕێگەی دوو مەفرەزەوە بەسەرپەرشتیی (حاچم محەممەد رشید ربیع الاسحاقی)، جێگری والیی دیجلە و سەرپەرشتیاری چەکدارانی داعش لە سنووری قەرەچووخ و مەخموور ئەنجامدراوە.
پێش ئەو هێرشەی گوندی خدرجیجە، لەماوەی هەفتەیەکدا چەکدارانی داعش دوو هێرشی دیکەیان کردبوو. شەوی دووشەممە 29-11-2021ـی چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر چەند رەبییەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە قەزای کفری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و دوو پێشمەرگەیان شەهیدکرد.
هەروەها لە شەوی 27-11-2021یش، لە ناوچەی تەپی تەلان لە سنووری کوڵەجۆ، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.
بەهۆی ئەو هێرشانەی داعشەوە کە لەماوەی شەش رۆژدا سێ جار هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سێ ناوچەی جیاواز و گوندە کوردنشینەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان کرد، 18 پێشمەرگە و سێ هاونیشتمانی شەهید بوون، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ