مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان: ئاوەڕۆی سلێمانی تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوەی گەرمیان دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان دەڵێت، ئاوی ئاوەڕۆی سلێمانی، کە دەڕژێتە چەمی تانجەڕۆ، تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوەی گەرمیان دەبێت. ئاوەکە جۆرەها میکرۆب و نەخۆشیی تێدایە، بڕێکی زۆریش ماددەی پاککەرەوەى تێدایە وەکو فاس و فلاش و شتی دیکە، کە مەترسیدارن و سەرچاوەی نەخۆشیی شێرپەنجەن.
 
رۆژی چوارشەممە، هونەر عەلی، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی گەرمیان کە پسپۆڕییەکەی لە ئەندازەی ئاو و سەرچاوەکانیەتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاوەڕۆی سوک و قورسی شارێکی گەورەی وەکو سلێمانی کە ژمارەی دانیشتووانەکەی یەک ملیۆن دەبێت، چارەسەر ناکرێت. ئەمە لە هەموو کوردستاندا کێشەیە و ئاوی ئاوەڕۆ چارەسەر ناکرێت، بۆیە ئاوەڕۆی سلێمانی کە دەڕژێتە چەمی تانجەرۆ لەوێشەوە تێکەڵ بە دەریاچەی دەربەندیخان دەبێت، سەرەڕای ئەوەش پاشەڕۆی نەخۆشخانەکان و کارگەکان بە هەمان شێوە دەڕژێنە نێو چەمی تانجەرۆ و تێکەڵ بە دەریاچەکە دەبێت."
 
سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی کەلار، رووباری سیروانە. ئەو مامۆستایەی زانکۆی گەرمیان دەڵێت، "راستە ئاوەکە دەپاڵێورێت، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ تەواو پاککردنەوەی."
 
هونەر عەلی هۆشداری دەدات لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ بە ئاوی خواردنەوە و دەڵێت، "ئاوی ئاوەڕۆ جگە لەوەی جۆرەها میکرۆب و نەخۆشیی تێدایە بڕێکی زۆریش ماددەی پاککەرەوەى تیدایە وەکو فاس و فلاش و هی دیکەش، کە مەترسیدارن و سەرچاوەی نەخۆشیی شێرپەنجەن، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا ئەو ماددانە بە شێوەی بەرفراوان بەکاردەهێندرێن، جگە لەمانەش ئاوەڕۆی نەخۆشخانەکان و کارگەکان ماددەی کیمیایی زیانبەخشیان تێدایە کە نابێت تێکەڵ بە ئاوەڕۆی ماڵان بکرێن."
 
هەرچەندە ئەو مامۆستایەی زانکۆی گەرمیان پێیوایە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی قەزای کەلار هیچ کەمتەرخەمییان نەکردووە و کەسانی دڵسۆزن، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و دەبێت حکومەت کاری جیددی و باشتر بکات بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی ئاوی ئاوەڕۆ کە کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک هەیە.
 
بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لە هەر یەک ملیۆن دڵۆپ ئاو، ئەگەر 500 دڵۆپی پیس ببێت ئەوا ئاوەکە بۆ خواردنەوە ناشێت.
 
مانگی رابردوو زیاتر لە 6000 تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە سلێمانی تۆمارکران، بەشێک لەو حاڵەتانەش پەتای کۆلێرا بوون. رۆژی 22-06-2022، نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەکارهێنانی ئاوی هەردوو چەمی قلیاسان و تانجەرۆ یەکێک بوون لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا.
 
رۆژی 25ی نیسانی ئەمساڵ، لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداو، سلێمان محەممەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، رایگەیاند، "لە دەربەندیخان ئاو بۆ ماڵەکان دابین دەکرێت، بەڵام ئاوی خواردنەوەکە بە کەڵکی خواردنەوە نایەت."
 
لە ساڵی 2013وە بەردی بناخەی پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانراوە، بەڵام بە نیوەچڵی جێهێڵدراوە، لە ساڵی 2018وە بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بە کاربەدەستانی قەزاکە راگەیێندراوە کە ئاوی دەربەندیخان شیاوی خواردنەوە نییە.
 
ژمارەی دانیشتووانی گەرمیان زیاتر لە 400 هەزار کەس دەبێت، جگە لە قەزاکانی کەلار، کفری و بەشێک لە خانەقین، چەندین شارۆچکە لەخۆدەگرێت، لە خوار دەریاچەی دەربەندیخانەوە سێ قەزا و چوار ناحیە بۆ ئاوی خواردنەوە و دەیان پرۆژەی ئاودێری پشت بە ئاوی رووباری سیروان دەبەستن.
 
سەبارەت بە کێشەی ئاوی خواردنەوەی گەرمیان، رۆژی چوارشەممە 13-07-2022، سالار عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەداخەوە بەهۆی رووباری تانجەرۆ و پاشەڕۆی کارگەکانی چەو و لم لەسەر رووباری سیروان و ئەو پاشەڕۆ و پاشماوانەی کە لە کێڵگە پەلەوەرەییەکانەوە دەخرێتە نێو ئاوی سیروان، وایکردووە ئاوی سیروان راستەخۆ بەکەڵکی خواردنەوە نەیەت، ئێمە چەندینجار ئەم کێشەیەمان گەیاندووەتە حکومەت."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان گوتیشی، "بەهۆی نەبوونی پاڵاوگەی ئاوەوە لە ناحیەی پێباز، بۆیە ئاوی رووباری سیروان لەڕێگەی حەوزەکانەوە بە کلۆر و شەب تەعقیم دەکرێت و دواتر دەدرێتە خەڵک، لە کەلار پاڵاوگەمان هەیە، ئێستا حکومەت رەزامەندیی لەسەر دروستکردنی دوو پاڵاوگە لە ناحیەی پێباز و قەزای کفری داوە و لە قۆناخی تەندەریندایە."
 
سالار عەزیز ئاماژەی بەوەش کرد، لەپێناو تەندروستیی دانیشتووانی ناوچەکە بەردەوام پشکنین بۆ ئاوی خواردنەوەی ناوچەکە دەکرێت و "ئێمە لە تاقیگەکانمان رۆژانە و هەفتانە پشکنین بۆ ئاوی خواردنەوە دەکەین و هەر کاتێک بزانین کێشەی هەیە چەند رۆژێک ئاو بە خەڵک نادرێت بۆئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەکات، بەڵام بەگشتی پیسکردنی رووباری سیروان دەبێت چارەسەر بکرێت."
 
هونەر عەلی، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی گەرمیان دەڵێت، پێویستە کاری جیددی لەسەر ئەوە بکرێت کە وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی زێراب (Wastewater Treatment Plant) بۆ شاری سلێمانی دابمەزرێندرێت و چیدی رێگە نەدرێت ئاوی ئاوەڕۆ بەبێ چارەسەرکردن (Treatment) تێکەڵ بە دەریاچەی دەربەندیخان بکرێت، "ئەمە ئەگەر ئێستا کێشەیەکی گەورە نەبێت ئەوا لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی گەورە."