رووداو دیجیتاڵ
بە لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی عێراق و یو ئێن دەرکەوت ئەو دوو تەرمەی لە مەنهۆڵی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک دۆزرانەوە، 3 مانگ دوای 16ی ئۆکتۆبەر کوژراون. پێشتر ئیدارەی کەرکووک،حەشدی شەعبی و حیزبە عەرەبەکان پێشتر پارتییان تۆمەتبار دەکرد بە کوشتنیان لە 16ـی ئۆکتۆبەر و دەیانوت نابێ بگەرێنەوە کەرکوک.
ئیدارەی کەرکووک و حەشدی شەعبی لە مانگی 12-2017 دا وێنەی تەرمەکانیان بڵاوکردەوە، گوتیان پارتی ئەشکەنجەی داون و کوشتوونی، دواییش فڕێی داونەتە مەنهۆڵی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، لەسەر داوای پارتی و سکاڵای ئیدارەی کەرکووک، دادگای تاوانەکانی عێراق، بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە پۆلیس و پزیشکی دادوەری پێکهێنابوو، هەرچەند لیژنەکە بەفەرمی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام رووداو زانیویەتی مێژووی تەرمەکان بۆ سێ مانگ دوای
کشانەوەی پارتی لە کەرکووک دەگەڕێتەوە.
رێبوار تەها ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "خۆشبەختانە هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون ئەوەی پێشتڕاست نەکردووەتەوە کە کێ تاوانبارە لەسەر ئەو رووداوە، لەلایەکی دیکەشەوە پێمانوایە ئەمە تەنها بوختانێکە بۆ رێگریکردن لە پێدانەوەی ئەو بارەگایە بە برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان".
ئیدارەی راکان جبووری، بەپشتیوانیی چەند حیزبێکی عەرەبی و بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەوەیان کردە کارتێکی بەهێز دژی گەڕانەوەی پێشمەرگە و رادەستکردنەوەی بارەگاکەی پارتی. پارتی دیموکراتی کوردستان هیوادارە بە ئاشکرابوونی راستییەکان، قۆناخی یەکەمی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک جێبەجێ بکرێت کە رادەستکردنەوەی بارەگاکەیەتی.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "هەر لە سەرەتاوە ئێمە ئەو تۆمەتانەمان رەتکردووەتەوە و لەکاتی خۆیدا داوای لێکۆڵینەوەشمان کردبوو، خۆشبەختانە ئێستا سەرەداوەکان بەو ئاراستەیەن کە
ئەو تەرمانە هی دوای 16ی ئۆکتۆبەرن. کە بەفەرمی راگەیێندرا ئەو تەرمانە هی دوای 16ی ئۆکتۆبەرن و دەبێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو دەزگا ئەمنییانە بکرێت کە دوای ئێمە وەکو پارتی چوونەتە ئەو شوێنە و بارەگاکەیان وەرگرتووە. ئەو
تەرمانەیان لە کوێوە هێناوە و خستویانەتە ئەوێ، هەر ئەو خەڵکانەی تەرمەکانیان لەوێ داناوە هەر خۆیان دەزانن لە کوێوە هێناویانە".
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بێتاوانیی پارتی لە تەرمەکانی نێو بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبە، زمانی حیزبە دژبەرەکانی نەرمتر بووە.
عەزام حەمدانی سەرۆکی لقی کەرکووکی هاوپەیمانی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەندێک تەرم لە بارەگای پێشووی پارتی ئاشکرا کرا کە ئێستا بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە، بێگومان هەزار عەرەبی بێسەروشوێنکراو هەیە
و چارەنووسی بەشێکیان نازانرێت، بۆیە گومانی لەلای هەندێک خێزانی عەرەبی دروستکردووە کە تەرمەکان هێن ئەوان بن بەڵام تا ئێستا ناسنامەی تەرمەکان ئاشکرا نەکراوە ، بۆیە دادگای عێراقی پەیوەندیدارە بە ئاشکراکردنی ناسنامەی تەرمەکان و هەر ئەوان دەتوانن تۆمەت بدەنە پاڵ هەر حزبێکی سیاسی".
نزیکەی چوار ساڵە هیچ کەس و لایەنێک، سۆراخی کەسی ونبووی لە بەشی پزیشکی دادوەریی کەرکووک نەکردووە و ئەمەش وایکردووە، خاوەن ئەو دوو تەرمە نەدۆزرێنەوە کە ئێستا لە گۆڕستانی بێ ناسنامەکانی پەنجەعەلی بەخاکسپێردراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ