لە هەولێر باخچەکانی بەردەم ماڵان رێکدەخرێنەوە

14-07-2020
شادی عەبدوڵڵا
شادی عەبدوڵڵا
نیشانەکردن هەولێر باخچە
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەولێر بۆ رێکخستنەوەی ئەو باخچانەی خەڵک لەناو گەڕەکەکاندا لەبەردەم ماڵەکانیان دروستیانکردووە هەڵمەتێک دەستیپێکردووە و ئامانجی لێی کەمکردنەوەی بەهەدەردانی ئاوە.
 
هەڵمەتەکە لە کۆبوونەوەیەک لە رۆژی دووشەممە بڕیاری لێدراوە کە سەرۆکایەتیی هەر شەش شارەوانییەکەی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر و ئاوی دەوروبەر و بەڕێوەبەرایەتیی پارک و باخچەکان بڕیاری لێدراوە. 
 
ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هەڵمەتەکە لەسەر داواکاریی بەڕێوبەرایەتیی ئاوی هەولێر بووە، بەهۆی ئەوەی ئێستا لە زۆر گەڕەک ئاو کەمبووەتەوە و بەشی پێویستییەکانی خەڵک ناکات.
 
وەکو سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بۆ دەکات، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاو ئەوەیە "خەڵکێکی زۆر باخچەیان لەبەرامبەر خانووەکانی خۆیان بە سەرپێچی لەسەر زەویی سەوزایی دروستکردووە، ئەوەش چەند کێشەیەکی دروستکردووە کە یەکێکیان ئەوەیە ئاودانی ئەو باخچانە کاریگەریی لەسەر ئاو دەبێت و وادەکات دراوسێکانیان ئاویان پێنەگات".
 
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر روونی دەکاتەوە لە هەر شوێنێک کە بۆ سەوازیی دانراوە، واتە بۆ بەرژەوەندیی گشتی دروستکراوە و دەبێت هەموو هاونیشتمانییان لەو سەوزاییەی دروستکراوە سوودمەندبن.
 
عەبدولواحید ئەحمەد باسی لەوە کرد، ئەوان نە دار دەبڕنەوە و نە سەوزاییەکە تێکدەدەن، ئەگەر بەشێوەیەکی چوارگۆشە دروستکرابێت ئەوا تەنیا دیوی پێشەوەی و پشتەوەی هەڵدەگرن بۆ ئەوەی سیفەتی گشتی لە خۆی بگرێت، نەوەک تایبەت بێت.
 
بەگوێرەی قسەکانی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە هەندێک لەو باخچانە سەرەڕای ئەوەی ئاو بەفیڕۆ دەچێت و باخچەکە زێدەڕۆیە، "کراوەتە شوێنی بەخێوکردنی پەلەوەر، ئەمەش لەگەڵ ئەوە ناگونجێت کە هەولێر پایتەخی هەرێمی کوردستانە و ناوەندە. ئێمە لەناو گەڕەکەکان رێگە بە بەخێوکردنی پەلەوەر نادەین".
 
ئەم بڕیارە هەموو گەڕەکەکانی شاری هەولێر دەگرێتەوە و ئێستا هەڵمەتەکە لە گەڕەکەکانی بەختیاری، وەزیران، گەڕەکی رۆشنبیری و گەڕەکی ژیان، گەڕەکی فەرمانبەران و گەڕەکی 32ی پارک دەستیپێکردووە.
 
یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە بەشێک لەوانەی باخچەیان دروستکردووە بە سەرپێچی هێڵی ئاویان بۆ ئاودانی باخچەکە راکێشاوە. سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، ئەگەر ئەو کەسانەی باخچەیان دروستکردووە ئاودانەکەی لە رێگەی هێڵی ئاوی ماڵەکەی خۆیانەوە بێت کە بە پێوەری ئاوەوە بەستراوەتەوە، ئەوە کێشەیان نییە لەگەڵی، بەڵام کێشەیان لەگەڵ ئەوەدا هەیە کە خەڵکانێک هێڵێکی دیکەی ئاویان بە سەرپێچی بۆ باخچەکە راکێشاوە.
 
رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو دەرفەت بە خەڵک بدرێت بۆ ئەوەی ئەگەر هێڵی ئاویان بەشێویەکی سەرپێچی راکێشاوە لەژێر سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودا نەیهێڵن و بیبڕن. لەدوای ئەو رێکەوتە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر و سزا دەدرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان

دلێر عەبدولخالق: لەگەڵ چەند لایەنێک دانوستانمان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پاشەکشەیەی لە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە هەوڵدان بۆ کاری پێکەوەیی و ئەگەر بگەنە رێککەوتن، گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیست و بەربژێرانی بزووتنەوەکەدا دەکرێت