رووداو - دهۆک
لە چوارچێوەی ئەو پارەیەی حکومەتی عێراقی لە بانکی نێودەوڵەتیی قەرز کرد، گوژمەیەک بۆ سێ پارێزگای عێراق تەرخان کراوە کە یەکێکیان دهۆکە و بڕیارە 25 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە گوندەکانی ئەو پارێزگایەدا جێبەجێ بکرێن.
د. عهلی تهتهر، پارێزگاری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکە بەو جۆرەیە کە خەڵکی گوندەکان خۆیان بڕیار دەدەن کە چ پرۆژەیەکیان دەوێت و ئێمەش جێبەجێی دەکەین. پارێزگای دهۆک بۆ پێنج ساڵ سوود لەو پرۆژانە وەردەگرێت و هەر ساڵەی گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار بۆ گەشەپێدانی گوندەکان تەرخان کراوە".
10 لەو پرۆژانە لە بواری رێگەوباندان، حەوتیان نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و هەشتیان لە بواری ئاودێریدان کە لە دهۆک، ئامێدی، شێخان و سێمێل جێبەجێ دەکرێن و بۆ ساڵانی داهاتوو لە بەرنامەدایە گوندی شارۆچکەکانی دیکەیش بگرێتەوە.
ههوار تاهیر، ئهندازیارە و دەڵێت، "پرۆژەکان هەموویان خزمەتگوزارین. نابێت لە چوارچێوەی خزمەتگوزاری دەربچین. پرۆژەکانمان بە خەڵکەوە گرێ دراون".
بەشێکی زۆری پرۆژەکان چاککردنی رێگەی گوندەکانە، بەتایبەتی ئەو گوندانەی لە یەکە کارگێڕییەکانەوە دوورن.
دڵشاد سوبحی، هاونیشتمانییه و دەڵێت، "لە ساڵی 1992ەوە ئەو رێگەیەمان بۆ چاکناکەن. ئاوەکەمان خراپە. پێمان خۆشە ئەو پرۆژانە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن".
بانکی نێودەوڵەتی قەرزێکی 300 ملیۆن دۆلاریی داوەتە حکومەتی عێراق و بەشێکی بۆ سێ پارێزگا تەرخان کراوە کە دهۆک، موسەنا و سەلاحەدینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ