رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بڕیاریداوە کۆتایی ئەم مانگە دوایین کەمپى ئاوارەکان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى دابخات، کە ئێستا 250 خێزانى تێدا ماوە.
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 30ى حوزەیران دیاریکراوە بۆ داخستنى دوایین کەمپى ئاوارەکان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى، ئەگەری هەیە بەر لەو وادەیەش سەرجەم خێزانەکان بگەڕێنەوە و کەمپەکە دابخرێت.
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران 30ی تەمموزی ئەمساڵی دیاریکردووە بۆ داخستنى سەرجەم کەمپى ئاوارەکان لە عێراقدا.
عەلى جیهانگیر گوتى: "نزیکەى 250 خێزانى ئاوارە لە کەمپى ئاشتى ماون، کە زۆرینەیان خەڵکى پارێزگاى سەلاحەدینن".
بەگوێرەى ئامارەکانى ئەو وەزارەتە، 24 هەزار خێزانى ئاوارە لە کەمپى ئاوارەکانى دهۆکن و چوار هەزار خێزانی ئاوارەش لە کەمپەکانی هەولێرن.
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران لەکاتى گەڕانەوەى هەر خێزانێکى ئاوارە بۆ زێدى خۆى چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەفزیۆنێکیان پێدەدات.
بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەر خێزانێکی ئاوارە لە دوای 30ی تەممووزەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، لە پێدانی هاوکارییەکان بێبەش دەبێت.
لەدواى 30ى تەممووز ئەو ئاوارەیەى لە هەرێمى کوردستانەوە نەگەڕابێتەوە زێدی خۆی بە نیشتەجێ لەو شارە هەژمار دەکرێت، کە کەمپەکەى لێیە و وەک ئاوارە مامەڵەى لەگەڵ ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ