بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عەلی باقری جەخت لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران دەکەنەوە

15-06-2024
هیدایەت جان
کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەولێر و سلێمانی
کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەولێر و سلێمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ئەندامێکی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق بە رووداوی گوت، "دوای سێ ساڵ گرژیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، سەردانەکەی مانگی رابردووی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، بەشێک لەو گرژییانەی رەواندەوە و ئێستا زەوینەیەکی لەبار خوڵقاوە بۆئەوەی بیر لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان بکەینەوە."
 
رۆژی هەینی 14ی حوزەیرانی 2024 عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و دەستی بە کۆبوونەوەکانی کرد.
 
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و عەلی باقری
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازیی لە عەلی باقری کرد و پێکەوە لەبارەی چەند بابەتێک بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا دۆخی سیاسیی ناوچەکە و عێراق تاوتوێ کران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرایەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و کولتوورییدا.
 
هەر لەو دیدارەدا، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران "پێزانینی بۆ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەمەڕ رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەر و گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی هەبوو؛ هەروەها سوپاسی وڵاتەکەی بۆ ناردنی شاندی تایبەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە پرسەی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بە سەرۆک بارزانی گەیاند."
 
پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و تاران
 
هاوکات عەلی باقری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و جه‌ختيان له‌ گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش كرده‌وه."
 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا "هەردوولا خواستی خۆیان بۆ بره‌وپێدانی پەیوەندییەکان بەتایبەتی له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا نيشان دا و، باقرى سوپاس و پێزانينى كۆمارى ئيسلاميى ئێرانى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ ئاسانكاریى پێشكێش به‌ زياره‌تكارانى ئێرانى ده‌كات كاتێك له‌ ده‌روازه‌ سنوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانى مه‌زار و شوێنه‌ پيرۆزه‌ ئايينييه‌كان له‌ باشوورى عێراق ده‌كه‌ن."
 
نێچيرڤان بارزانیش سوپاسى يارمه‌تى و پشتگيريى ئێرانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له هه‌بوونى په‌يوه‌ندييه‌كى باشى نێوانيان كرده‌وه‌، "هه‌روه‌ها ئێرانى به‌ وڵات و دراوسێيه‌كى گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا."
 
مێژوو، ئایین و چارەنووسی هاوبەش
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەیان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان رێکخست و تێیدا مەسرور بارزانی رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ جەنابی وەزیر (عەلی باقری) لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چۆنێتیی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان هەبوو."
 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، باشترکردنی سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەکە یەکێکی دیکە لە تەوەرەکان بوو، "هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی سەقامگیریی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی هەردوو لایەن و هەموو ناوچەکەدایە."
 
هاوکات عەلی باقری رایگەیاند، "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانمان لە هەرێمی کوردستان، برایانە و مێژووییە. ئایین، کولتوور، مێژوو و چارەنووسی هاوبەش لە داهاتوودا، پەیوەندییەکی بەهێزی لەنێوان ئێمە پێکهێناوە."
 
سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، "دووژمنان نایانەوێت سەقامگیری و ئارامیی ئێمە، چی لە ئێران و چی لە عێراق و ناوچەکە، ببینن، بەڵام هۆشیاریی رێبەران و بەرپرسانی باڵای ئێران، عێراق، بەتایبەتی هاوڕێیان و برایانمان لە هەرێم[ی کوردستان] رێگە نادات دووژمنان هیچ دەرفەت و دەرچەیەک بۆ مامەڵەی خراپ بەدەستبهێنن."
 
سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لە پێویستیی پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکاریی دوولایەنە کردەوە و گوتی، "هەوڵی پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان دەدەین کە لە بەرژەوەندیی ئێمە و بەرژەوەندیی هاوڕێیانمان لە عێراق و هەرێمە."
 
عەلی باقری 13 ساڵ لەمەوبەریش سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و گوتی، "دوای ئەم 13 ساڵە، گەشەکردنێکی زیاترم [لە هەرێمی کوردستان] بینی و بێگومان ئەمڕۆ بە هیوای داهاتوویەکی روونتری پەیوەندییەکانمان هەرێمی کوردستان جێدەهێڵم، داهاتوویەکی درەوشاوە بۆ هاوکاریی دوولایەنە چاوەڕوانی ئێمە دەکات."
 
کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی
 
عەلی باقری دوای کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، چووە سلێمانی و لە فڕۆکەخانە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
 
پێشوازیی قوباد تاڵەبانی لە عەلی باقری لە فڕۆکەخانەی سلێمانی
 
دواتر سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەی بۆ پەیامنێران کرد و رایگەیاند، "هاتووین جارێکی دیکە جەخت بکەینەوە لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق و ئێران و هەرێمی کوردستان."
 
عەلی باقری لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی ئەو بابەتانە گفتوگۆیان کرد، کە جێگەی بایەخی هەردوولان.
 
وەکو لە هەژماری فەیسبووکی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی و عەلی باقری "دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەیان گفتوگۆ کرد و جەخت لە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش کرایەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا."
 
کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و عەلی باقری لە سلێمانی
 
هەروەها "هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی هاوئاهەنگی و دیالۆگی جیدیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتکرایەوە، بە شێوەیەک دادپەروەری و هاوبەشیی راستەقینە رەچاو بکرێت."
 
عەلی باقری لەگەڵ کەسی یەکەم و بەرپرسانی باڵای ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکانیش کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە گرنگ بوو و باسی دۆخی سیاسی هەردوولا و پەیوەندی ئابووری، ئەمنی، فەرهەنگی و بەیەکەوەکارکردن کرا."
 
"سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی گرژییەکانی نێوان هەولێر و تارانی رەواندەوە"
 
رۆژی 05-05-2024 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ بانگهێشتێكى فه‌رمی چووە تاران و بە جیا لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران؛ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئێران و محەممەدباقر قالبیاف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.
 
ئەندامێکی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ئەو سەردانە بەشێکی زۆر لە کێشەکانی نێوان هەولێر و تارانی نەهێشت.
 
سەید حەمید حوسێنی، ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق میوانی بوولتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، "سەردانەکەی سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە. دوای سێ ساڵ ئاڵۆزی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، بەشێک لەو ئاڵۆزییانەی رەواندەوە و ئێستا زەوینەیەکی لەبار خوڵقاوە بۆئەوەی بیر لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان بکەینەوە."
 
 
هاوکات نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە رووداوی گوت، "ئەم سەردانەی عەلی باقری بۆ هەرێمی کوردستان بەرهەمی سەردانەکەی پێشووی نێچیرڤان بارزانییە بۆ تاران کە هەمووی لەپێناوی ئەوەیە پەیوەندییەکان بگەڕێنەوە سەر ئاستی رابردوو و لە جارانیش باشتر بن."
 
نازم دەباغ گوتیشی، "کۆماری ئیسلامیی ئێران دەریدەخات هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی بۆ دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵ و دەستووریدا بەپێی دەستوور. ئەم سەردانانە رۆڵی دەبێت بۆ ئاییندەی باشتری گەلی کورد لە ناوچەکەدا."
 
رۆژی پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024 عەلی باقری بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."