دانەوێڵەی کرماشان: تائێستا 140 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە تائێستا، 140 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە وەرگیراوە و رادەستی ناوەندەکانی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم کراوە.
 
عەلی مەلیکشاهی، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای کرماشان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لەو گەنمەی لە جووتیاران وەرگیراوە، نزیکەی 108 هەزار تۆنی لە جۆری "زۆر باشە."
 
لە پارێزگای کرماشان 60 ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم کراونەتەوە. مەلیکشاهی گوتی، "بەراورد بە ساڵی پار کڕینی گەنمی جووتیاران 14% زیادیکردووە."
 
سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیارانیش، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی کرماشان دەڵێت، تائێستا 81 ملیار تمەن پارەی جووتیاران خەرجکراوە و لە بەرنامەیاندایە، لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێکی دیکەی پارەکە خەرج بکەن.
 
حکومەتی ئێران بڕیاری داوە، بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنمی ئاسایی بە 17500 تمەن (30 سەنت) و یەک کیلۆ گەنمی پلە یەکیش بە 18 هەزار تمەن (31 سەنت) لە جووتیاران بکڕێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کرماشان پێشتر رایگەیاندبوو، ئەم ساڵ لە رووبەری زیاتر لە 400 هەزار هێکتار زەویی ئەو پارێزگایە گەنم چێندراوە و پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنمیان زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن بێت.