بەرەی تورکمانی: 2 کەس دەستگیر کراون و دانیان بە سووتاندنی قەیسەریەکانی هەولێر و کەرکووکدا ناوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، دوو کەس بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک دەستگیر کراون، لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوەدا ناوە کە هەر ئەوان قەیسەریی هەولێر و بازاڕی چەلێی دهۆکیان سووتاندووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024 حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە بارەگای بەرەی تورکمانی لە شاری هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە دووکاندارانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کۆبووەوە، کە مانگی رابردوو دووکانەکانیان سووتان. سەرۆکی بەرەی تورکمانی 1000 دۆلاری دایە هەر یەکێک لەو دووکاندارانەی دووکانیان سووتاوە.
 
حەسەن تۆران لە گوتارێکدا بۆ دووکاندارەکان گوتی، "هەندێک کەس لەسەر سووتاندنی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک دەستگیر کراون، ئەوانەی تۆمەتبارن چوار کەسن، دوویان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە."
 
ئازاد قەهوەچی، یەکێک لەو کەسانەی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ بەشدار بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حەسەن تۆران گوتی، چوار کەس بە سووتاندنی خان و قەیسەریەی قیردار تۆمەتبارن، دووانیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووکەوە دەستگیر کراون، دووانیان دەستگیر نەکراون."
 
بە گوتەی ئەو دووکاندارە، سەرۆکی بەرەی تورکمانی گوتوویەتی، "ئەوانەی دەستگیر کراون، گوتوویانە: بازاڕی قەیسەریی هەولێر، بازاڕی دهۆک و قەیسەری و خانەکەی کەرکووکیشیان سووتاندووە." بەڵام حەسەن تۆران بە پاساوی ئەوەی کاریگەریی لەسەر لێکۆڵینەوەکان دەبێت، هیچ زانیارییەکی لەبارەی ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکرا نەکردووە.
 
1ی نیسانی 2024 ئاگر لە بازاڕی چەلێ کەوتەوە، کە بازاڕێکی میلـلیی دهۆکە و زیانی مادیی زۆری لێکەوتەوە، کە سووتانی نزیکەی 160 دووکان و 20 کۆگە بوون.
 
کاژێر 09:30 شەوی 05-05-2024 ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دوای سێ کاژێر ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر، 227 دووکان و حەوت کۆگەی بازاڕەکە سووتاون، ئاگرەکە زیانی گیانیی نەبوو.
 
هەروەها کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 19-05-2024 لە ئەنجامی سووتانی سێ خانی قەیسەریی کۆنی کەرکووک نزیکەی 100 دووکان و کۆگە سووتان.