سوپای پاسداران: ئۆپەراسیۆنێک لە پارێزگای سنە دژی 'دژبەرانی شۆڕش' بەڕێوەچووە

14-06-2023
فواد حەقیقی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی سوپای پاسداران لە باکووری رۆژئاوای ئێران دەڵێت، ئۆپەراسیۆنێکیان دژی ''دژبەرانی شۆڕش'' لە ناوچەی کۆساڵان سەر بە شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنە ئەنجامداوە. سوپای پاسداران رەتی دەکاتەوە، پاسدارێک لە کۆساڵان کوژرابێت.
 
محەممەدتەقی ئوسانلو، فەرماندەی قەرارگەی حەمزەی سەیدوشوهەدا دەڵێت، لە ناوچەی کۆساڵان ئۆپەراسیۆنێک بۆ نەهێشتنی "ئەندامانی گرووپەکانی دژبەری شۆڕش" بەڕێوەچووە و "ئۆپەراسیۆنەکەش تاوەکو لەنێوبردنی دوایین کەسیان بەردەوام دەبێت."
 
بە گوتەی محەممەدتەقی ئۆسانلو، ناوچەی کۆساڵان "پاککراوەتەوە"، بەڵام هەندێک لە ئەندامانی "گرووپەکانی دژبەری شۆڕش، خۆیان شاردووەتەوە" و ئۆپەراسیۆنەکە بۆ نەهێشتنی ئەوان بووە.
 
لە رۆژانی رابردوودا سوپای پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی کۆساڵانی تۆپباران کرد و بەپێی هەواڵی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، شەڕ لەنێوان سوپای پاسداران و پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان – پژاکدا روویداوە و ئەندامێکی سوپای پاسدارانیش کوژراوە.
 
پەیوەندییەکانی سوپای بەیتولموقەدەس، کوژرانی ئەندامەکەی سوپای پاسدارانی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کەسیان نەکوژراوە.
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە رۆژی دووشەممەوە سوپای پاسداران هێزێکی زۆری رەوانەی ناوچەی کۆساڵان کردووە و بە درۆن چاودێریی ناوچەکە دەکات.
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا سوپای پاسداران هێزێکی زۆری بۆ ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جووڵاند. فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەم ماوەیەدا هەڕەشەیان کردووە کە هێرش دەکەنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەر ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان تێکبدەن.
 
قەرارگەی حەمزەی سەیدوشوهەدا ناوەندەکەی لە ورمێیە. قەرارگەی شەهید شەهرامفەر بریتییە لە لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە و سوپای بەیتولموقەدەسیش لقی سوپای پاسدارانە لە پارێزگای ورمێ؛ ئەو دوو ناوەندە لەژێر چاودێریی قەرارگەی حەمزەی سەیدوشوهەدادان.
 
ئەو قەرارگەیە لە سەرەتای دەیەی 80ی سەدەی رابردووی زایینی و لە سەردەمی شەڕی سوپای پاسداران لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستبوو. ئەرکی سەرەکیی ئەو قەرارگەیە، بەرەنگاربوونەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بینای کارگەیەک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ ئەرشیڤ

رێگری لە بازگەکانی عێراق و نرخی کارەبا بوونەتە هۆی داخستنی ژمارەیەک کارگەی هەرێمی کوردستان

زیاتر لە 3500 کارگە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، بەهۆی رێگری لە چوونی بەرهەمی کارگەکان بۆ پارێزگاکانی عێراق و بەرزیی نرخی کارەبا، کارکردن لە بەشێک لە کارگەکان وەستاوە