تەندروستی سلێمانی بۆ هاونیشتمانییان: رێگە لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون بگرن چونکە زۆر مەترسیدارە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند "دوای گەڕانەوەی ئەنجامی پشکنینی ئەو نەخۆشەی گومان دەکرا تووشی تای خوێنبەربوون بووە، دەرکەوت تووشی ئەو نەخۆشییە نەبووە" داواش دەکات هاونیشتمانییان بەئاگا بن و پابەندی رێکارەکان بن، بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە بڵاونەبێتەوە، چونکە "زۆر مەترسیدارە".
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 14-06-2023) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سلێمانی تاکە پارێزگای عێراقە کە تای خوێنبەربوونی تێدا تۆمارنەکراوە، ئەنجامی پشکنینەکانی ئەو حاڵەتە گوماناوییە لە بەغدا گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە تای خوێنبەربوونی نییە.
سەباح هەورامی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی تای خوێنبەربوون بڵاونەبێتەوە و دەڵێت، ڤایرۆسەکە بەهۆی گەنەوە بڵاودەبێتەوە و زیاتر لەنێو ئەو کەسانەدا مەترسیدارە، کە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵدا دەکەن "داوا دەکەم لە جەژنی قورباندا ئاژەڵ لە سەربڕخانەکان سەرببڕن و رێکارە زانستییەکان بگرنەبەر، چونکە نەخۆشییەکە زۆر مەترسیدارە، داوا لە مامۆستایانی ئایینی و میدیا دەکەم هاووڵاتیان هۆشیار بکەنەوە و هێزە ئەمنییەکانیش نەهێڵن کەس لە دەرەوەی سەربڕخانەکان ئاژەڵ سەرببڕن، ئێمە ناڵێین قوربانی مەکەن و ئاژەڵ سەرمەبڕن، بەڵام با بەگوێرەی رێکارەکان بێت، چونکە لەکاتی سەربڕیندا، ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زۆر زیاترە".
لەبارەی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە، بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای سلێمانی گوتی "هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان، دەرکەوتووە کە بەهۆی ڤایرۆسەوەیە و گومان دەکرێت سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بێت، بۆیە ئێمە گومان لە سەرچاوەکانی ئاو دەکەین، بەڵام بەو مانایە نا کە سەرچاوەکانی ئاو پیس بن، رەنگە ئەو تانکەرانەی ئاو دەگوازنەوە رەچاوی رێنماییەکان نەکەن یان هۆکاری دیکە هەبن".
بەگوتەی د. سەباح هەورامی، دوای کۆتاییهاتنی خوێندنی ئەمساڵ، ژمارەی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک کەمبووەتەوە، "بۆیە گومان لە خواردن و خواردنەوەی قوتابخانەکانیش دەکەین".