فەهمی بورهان: لە یاسای بودجەدا پارە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 تەرخان نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''هیچ بڕگەیەک لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا بۆ پارەدارکردنی پڕۆسەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور تەرخان نەکراوە''. دەشڵێت، لەسەر تەرخانکردنی 100 ملیار دینار بۆ مادەی 140، رێککەوتنی سیاسی کراوە.
رۆژی چوارشەممە 14-06-2023 فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، گفتوگۆی بەردەوامی نێوان سوننە، شیعە و کورد لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، مادەی 140ـی دەستووری نەگرتووەتەوە و لە یاسایەکەشدا هیچ ئاماژەیەکی پێنەدراوە.
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، شەوی یەکشەممە 11ـی حوزەیران تاوەکو بەرەبەیانی 12ـی حوزەیران، پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا، قەبارەی بودجەکە نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
بەگوتەی فەهمی بورهان، لە یاسای بودجەدا، هیچ بڕگەیەک بۆ پارەدارکردنی پڕۆسەی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور تەرخان نەکراوە.
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی رێککەوتنی سیاسی، ''قسەیەک هەیە'' کە 100 ملیار دینار وەکو بودجەی جێبەجێکردنی مادەی 140 تەرخان بکرێت و ''بەپێی زانیاریی ئێمە، لیژنەی جێبەجێکردنی مادەکە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە 200 ملیار دیناریش لەمساڵدا خەرج بکات، بەڵام ئەمە لە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێنەکراوە''.
فەهمی بورهان گوتی: ''ئەم 100 ملیار دینارە پارەیەک نییە کە ئومێدی لەسەر هەڵبچنین، چونکە لە ئاست قەبارەی کێشەکە پارەیەکی کەمە و پارەیەک نییە کە بتوانێت مادەی 140 جێبەجێ بکات، تەنانەت 200 ملیار دیناریش چارەسەری بابەتەکە ناکات''.
وەک فەهمی بورهان ئاماژەی دا، بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140، ''پێویستە کەشێکی سیاسیی لەبار هەبێت و متمانە لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دروست بکرێت لەلایەن عێراقیشەوە هەوڵی جێبەجێکردنی مادەکە بدرێت".
سوپای عێراق بەنیازە لە تۆپزاوای کەرکووک دەست بەسەر چەندین هەزار دۆنم زەویدا بگرێت بەبیانووی ئەوەی موڵکی وەزارەتی بەرگرییە، لەکاتێکدا سەرجەم زەوییەکان لە چوارچێوەی مادەی 140ـدان و نابێ حکومەت دەستیان بەسەردا بگرێت.
ماوەی 15 رۆژیشە جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک دژی تاپۆکردنی بەشێک لە زەوییەکانیان و خستنەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، مانگرتنیان راگەیاندووە و دەڵێن ''ئامادەنین زەوییەکانیان بدەنە وەزارەتی بەرگری''.
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گوتی، ''لە ماوەی ئەم 15 رۆژەدا لەگەڵ جووتیاران بووین و پشتگیریمان کردوون، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێکی عێراقی بە جدی بۆ ئەم بابەتە نەهاتووەتە سەر هێڵ''.