پیاوێکی 58 ساڵ لە سەیدسادق 'بە گولـلە' دەکوژرێت
رووداو - سەیدسادق
سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەیدسادق پیاوێکی تەمەن 58 ساڵ کوژراوە و شوێنەواری گولـلە بە جەستەیەوەیە.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 14-06-2023 لە سەیدسادق پیاوێکی تەمەن 58 ساڵ بە ناوی (س. م) کوژراوە، "تیمەکانمان کاتێک چوونەتە سەر رووداوەکە، ئەو کەسە گیانی لەدەستداوە و شوێنەواری گولـلە بە جەستەیەوە بووە."
تەرمی ئەو پیاوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق، سامان نادر دەڵێت، دواتر دەبرێتە داد پزیشکی سلێمانی.
بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 183 رووداوی کوشتنی بەئەنقەست، 32 رووداوی کوشتنی بە هەڵە و 240 رووداوی خۆکوشتن تۆمار کراون.