گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: ئامادەکارییمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێنەکردووە

14-06-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیچ ئامادەکارییەکیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێنەکردووە. دەشڵێت، "ئەگەر تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی کۆمیسیۆنی عێراق بەکاربهێنین کاتی زۆرمان بۆ دەگەڕێتەوە."
 
رۆژی سێشەممە، 14-6-2022، شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانەوە رایگەیاند: ئێمە هیچ ئامادەکارییەکمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێنەکردووە. راستە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نووسراویان کردووە و نووسراوەکەشمان ئاڕاستەی بەشەکانی خوارەوەی کۆمیسیۆن کردووە بۆ ئەوەی پلان و هەڵسەنگاندنی دارایی بۆ هەڵبژاردن ئامادەبکەن، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە ئەو پڕۆسەیە چەندی پێویستە و تۆماری دەنگدەران پاککرابێتەوە یان هەنگاوەی دیکەی گرنگ دەستپێکرابێت.
 
لەبارەی جوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە بۆ هاوکاریی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، شێروان زرار گوتی: هەفتەی رابردوو بەشی هەڵبژاردنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەردانیان کردین و پێیان باشبوو هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق هەبێت و پەیوەندیی باشمان هەبێت و گوتیان لەگەڵیاندا قسە دەکەن بۆ ئەوەی رایان بزانن تایبەت بە پرسی داواکردنی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی ئەوان بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەکاریبهێنین، نووسراوێکمان ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی عێراق کردووە بۆ ئەوەی هاوئاهەنگ بین و بزانین تاوەکو چەند دەتوانن هاوکارمان بن و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین. 
 
هەروەها روونیکردەوە، "ئێمە لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵیمان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە بۆ هاوکاریکردنی یەکدی، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا چاوەڕوانین هاوکارمانبن."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، شەش بابەتی بە پێویست زانی بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە پەیوەندیی بە پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان دەبێت چارەنووسی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن دیاری بکرێت، چونکە هیچ هەنگاوێک بەبێ ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن ناکرێت، هەر ئامادەکارییەک لە خوارەوە دەکرێت دەبێت ئەنجوومەن رەزامەندیی لەسەر بدات."
 
راشیگەیاندووە: دەبێت دڵنیابین یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەمواردەکرێتەوە یان نا؟ دەبێت ئامادەکارییەکانمان لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن بکەین کە ئایا تۆماری پێکهاتەکان وەکو خۆی دەبێت یان نا؟ ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان وەکو خۆی دەبێت یان نا؟
 
شێروان زرار باسی لەوەش کرد: دەبێت وادەی هەڵبژاردنەکەمان بۆ روونبکرێتەوە، دیارە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا لە 1-10-2022 ناکرێت. خاڵێکی دیکە گرنگە حکومەت کە ئامادەیی نیشانداوە بۆ هاوکاریکردن ئەو گوژمەیەیەی بۆ هەڵبژاردن تەرخاندەکرێت یەکسەر بیخەنە سەر هەژماری کۆمیسیۆن بۆ خێراکردنی کارەکان، بەڵام دیارنییە راستەخۆ دەکرێت یان بە قیست دەبێت. خاڵی کۆتاییش تۆماری دەنگدەرانە، ئایا ئێمە پشت بە تۆماری خۆمان دەبەستین یان هی کۆمیسیۆنی عێراق، ئەمانە دەبێت هەمووی روونبکرێنەوە پێش دەستپێکردن بە ئامادەکارییەکان.
 
سەبارەت بە کاتی پێویست بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن گوتی کە شەش مانگیان پێویستە لەو کاتەوەی کە کۆمیسیۆن بودجەی لەبەردەستدا دەبێت و یاسایەکی جێگیر هەبێت و کۆمیسیۆن دەسەڵاتی هەبێت.  
 
دوای قوڵبوونەوەی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە مانگی رابردوو، رۆژی دووشەممە، 13-6-2022، سەرۆک و نوێنەرانی دەزگا و مەکتەبەکانی هەڵبژاردنی هەشت لایەنی سیاسیی بەسەرپەرشتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن کۆبوونەوە. بڕیاردراوە تاوەکو رۆژی 1-7-2022 لیژنەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راپۆرتی کۆتایی ئامادەبکات بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی لووتکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کەسی یەکەمی حیزبەکان بخرێتەڕوو.
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی 1-10-2022 بکرێت، مشتومڕی لەنێو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و لەسەر یاسای هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، چەندین بڕگە و ماددەی یاسای هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران و خاڵگەلێکی دیکە لایەنەکان بۆچوونیان جیاوازە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی واژۆكرد و بڕیاریدا رۆژی 1-10-2022 هەڵبژاردن بکرێت. دوای سێ رۆژ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت. 
 
رۆژی 22-5-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، یەکگرتوو، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە کۆبووەوە و سەرەتای خاوکردنەوەی گرژیی نێوان لایەنەکان بوو.
 
رۆژی 26-5-2022، نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ نوێنەری حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە؛ دواتر رۆژی 9-6-2022، نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.