سەرۆکی لێژنەی ناوخۆی پەرلەمان: حوکمدراوانی بادینان تۆمەتەکانیان رەتکردنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند رەوشی تەندروستی و دەروونی و جێگەی مانەوەی حوکمدراوانی بادینان باشە و پێیانگووتوون رووبەڕووی ئەشکەنجە نەبوونەتەوە، دەشڵێت نکۆڵیان لەو تاوانانە کردووە، کە دراوەتە پاڵیان.
شاخەوان رەئوف بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی کوردستان کە لە زیندان سەردانی حوکمدراوانی بادینانی کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەردانەکەیاندا بۆ لای 5 حوکمدراوەکەی بادینان و 2 کەسی دیکەی هاوڕێیان بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی لەگرتووخانەی ئاسایشی هەولێر لەگەڵ هەریەکێکیان نیو کاژێر دانیشتوون و چەندین پرسیاریان لێکردوون.
شاخەوان رەئوف بەگ گوتی: "پرسیاری تەندروستی و بارودۆخی ژیانی ئەوان و رەوشی گرتن و مانەوەیانمان کرد، هەروەها لە دۆخی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا و چەند شتێکی دیکەمان پرسیوە و حوکمدراوان گوتیان دۆخ و تەندروستیمان باشە، بەڵام ئەوان نکۆڵیان لەو تاوانانە کرد کە خراوەتە ئەوستۆیان دانیان پێدانەنا".
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە ئەوان لە پەرلەمانی کوردستان بە وردی چاودێری کەیسی حوکمدراوانی بادینان دەکەن و ئاگایان لێیان دەبێت و گوتی: "دۆخی ژیانی حوکمدراوانی بادینان باشە، تەندروستیشیان باشە".
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 10ی حوزەیرانی 2021، لێژنەیەکی پەرلەمانی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامێتی سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ و جێگرەکەی، نوێنەرێکی لێژنەی مافەکانی مرۆڤ سەردانی حوکمدراوانی بادینانیان کردووە.
شاخەوان رەئوف بەگ، لەبارەی سەردانەکەوە دەڵێت دوای قسەکردن لەگەڵ ئاسایش سەردانەکە دروست بوو و سەردانەکەش بە زۆر باش دەزانێت و دەڵێت هەوڵدەدەین دووبارە ببێتەوە.
لەبارەی پێشهاتەکانی کەیسەکەوە، شاخەوان رەئوف بەگ گوتی: "حوکمدراوان و دوو چالاکڤانەکەی دیکە رێگەیان پێدراوە پەیوەندی بە خێزانەکانییانەوە بکەن، هەروەها دوای سەردانەکەی ئێمە، رۆژی یەکشەممە 13ی حوزەیرانی 2021 کەسوکارەکانیان لە گرتووخانەی ئاسایش سەردانیان کردبوون".
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رەوشی جەستەیی گیراوانیش گوتی "رەوشیان باشە و پرسیاری ئەشکەنجەدانمان لێکردن و گوتیان ئەشکەنجە نەدراوین".
لە 16ـی شووباتی رابردوودا دادگەی تاوانەکانی دووی هەولێر لە دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادیناندا هەریەک لە ئهیاس ئهكرهم، شێروان شێروانی، شڤان سهعید بەڕۆژکی، گوهدار محەممەد زێباری و هاریوان عیسای بە شەش ساڵ زیندانی سزادا، بڕیارەکەش کاردانەوەی زۆر و جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەپێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان- دەستەی سزایی، ئەو بڕیارەی دەرچووە، تەمیز دەکرێتەوە و جێگەی پێداچوونەوەی بڕیاری ئەو سزایەیە کە دەرچووە بە تاونبارکردنی تۆمەتباران هەر یەک لە (شێروان ئەمین، شڤان سەعید، هاریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم، کدار محەممەدئەمین) بەپێی ماددەی یەکەم لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2002 و بەڵگەی ماددەکانی 47 و 48 و 49 لە یاسای سزاکانی دروست و هاوتای یاسا.
دوای ناوهێنانی هەریەک لە کۆنسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە بڕیارەکەی دادگەدا، ژمارەیەک لە کۆنسوڵخانەکانی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین دامەزراوە و کەس داوای پێداچوونەوەیان بە بڕیارەکەدا کرد و بە نادپەروەرانەیان ناوزەندکرد، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری و حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لە بێلایەنیی دادگەکان کردەوە و رایانگەیاند سزاکە لە جێی خۆیەتی.
لە نووسراوەکەی دادگەدا وێڕای ئاماژەدان بە تاوانی ئەو سزادراوانە، هاوکات ئاماژە بەوە کراوە، "لە بەڵگەکانی بەردەست ئەوەی لە دژی تۆمەتبارەکان سەلمێندراوە کە ئەوان لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بەوەی گرووپێکیان رێکخستووە بە سەرۆکایەتیی تۆمەتبار (شێروان ئەمین)، لەگەڵ کەسانی دیکە کە تۆمەتبارن و سەیری پەڕاوەکانیان کراوە. دادگەکە باس لەوەش دەکات، "دانپێدانانی تۆمەتبارەکان لە قۆناخی لێکۆڵینەوە بەوپەڕی ئازادی و بێ هیچ گوشارێک بووە، نەسەلەمێندراوە، کە ئەمانە ئازار و ئەشکەنجەدران، ئەوانیش هیچ قسەیان نەکردووە لەسەر ئەوەی ئازار و ئەشکەنجە درابن."