کوردستان
سوپەرمارکێتێکی بەناوبانگی ئەڵمانی چەند خواردنێکی کوردی بە کڕیارەکانی دەناسێنێت، وێنە؛ EDEKA
رووداو - دوسلدۆرف
سوپەرمارکێتێکی بەناوبانگی ئەڵمانی چەند خواردنێکی کوردی بە کڕیارەکانی دەناسێنێت و خواردنە کوردییەکانیش بە تێکەڵەیەک لە خوارنەکانی دەریایی ناوەڕاست و ئاسیایی پێناسە دەکات.
سوپەرمارکێتی ئێدێکا EDEKA لە پۆرتاڵی تایبەتی خۆی لە بەشی خواردنەکان - رەچەتەی یاپراخ، کوتلک، نیسک، نان و تەنانەت شیرینی کوردیش دەناسێنت.
ئەو سوپەرمارکێتە لە پێناسەی کورد و خواردنی کوردی دەڵێت، کورد بە هەمیشەیی لە ناوچەیەکی بەرفراوانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ژیاون و "کولتوورەکەشیان لە ژێر کارتێکردنی زۆر کولتووری جیاواز دروستبووە. بۆیەش زەحمەتە خواردن (مەتبەخ)ی کورد بە یەکگرتووی پێناسە بکرێت. پێکهاتەی خواردنی دەریای ناوەڕاست، رۆژهەڵاتی و ئاسایی لە خواردنە نەریتییەکانی کوردیدا هەن."
نانی تەندووری کوردی و کەباب بەیەکەوە خۆشە
ژەمە سەرەکەییەکانی کورد، بەپێی ناساندنی ئەو سوپەرمارکێتە کە لە ساڵی 1898 دامەزراوە بریتییە لە گۆشت، برنج و سەوزەی پێچراوە. کاتێک باس لە کەباب وەک خۆراکێکی رۆژهەڵاتی دەکرێت، ئێدێکا بەبێ ئەوەی شێوازێکی تایبەت بە کورد ناوزەد بکات، کەباب وەک خۆراکێکی کوردانیش باسدەکات. لەو بەشەدا باس لە نانی تەنووری رەسەنی کوردی دەکات و دەڵێت، بەو کەبابەوە خواردنی خۆشە. جیاوازی نانی کوردی بە بۆچوونی شارەزایانی خواردن لە ئێدێکا لەگەڵ نانی تەندووری هیندی ئەوەیە کە نانی کوردی نەرمترە.
ناساندنی خواردنە کوردییەکان
کوتلکی کوردی
لە شوێنێکدا بە کوتلک ناوی هێنراوە و لە شوێنێکی دیکەدا بە کوببە، بەڵام لە هەردووکیاندا بە خواردنی کوردی ناسێنراون، هەروەها شێوازی دروستکردن و پێکهاتەکانیشی باسکراون. کوببە وەک خواردنێکی ناوەندی یاخود لەگەڵ ژەمێکی سەرەکی خواردن پێشکێش دەکرێت.
کادەی خورما – شیرینی کوردی
کادەی خورما بە کێکی خورمای کوردی لە لایەن ئێدێکاوە ناسێنراوە. لە پێناسەکەیدا باس لە جیاوازی شیرینی کوردی و تورکی دەکات و دەستەواژەی کوردی (شێرین)ی بە کورمانجی سەروو بەکارهێنراوە.
یاپراخی کوردی یان یۆنانی؟
گەڵای ترێی پڕکراو؛ بەم شێوەیە ناوی یاپراخ نەک تەنیا لە ئێدێکا بەڵکو لە نێو تەواوی خەڵکانی ئەڵمانی زماندا هاتووە. وەک پێشخواردنێکی یۆنانی سارد دەناسرێن. ئێدێکا یاپراخی کوردی لە گەڵ یونانییەکان بەوە جیا دەکاتەوە کە خواردنی کوردی بە دژوارتر و تیژتر دەناسێنێت.
بۆچی ئێدێکا ئەم خواردنانە دەناسێنێت؟
ئێدێکا، سوپەرمارکێتێکی گەورە و بەناوبانگی ئەڵمانیا یە. ساڵی 1898 لە بەرلین دامەزراوە و ئێستا بنکەی سەرەکی لە هامبورگە. لە دانیمارک، چیک و سویسراش لقی هەیە. داهاتەکەی لە ساڵی 2019 زیاتر لە 55 ملیار یورۆ بووە. نزیکەی 381 هەزار کارمەندی هەیە. ئامانجی سەرەکی ئێدێکا لە ناساندنی خوارن و شیرینییەکان بە پێکهاتەکانیانەوە ئەوەیە؛ کە کەرەستەی بۆ ئەو خواردنانە بەکاردێن لە سوپەرمارکێتەکانی ئێدیکا دەستدەکەون و بەرهەمی زیاتر بفروشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ