ئەحمەد ئەنوەر: 464 کەس بە نایاسایی بە پلەی باڵا خانەنشینکراون

14-06-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن هەرێمی کوردستان مووچە
A+ A-
 
 
رووداو - هەولێر

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لێکۆڵینەوە و وردبینی لە کەیسی هەموو مووچەخۆرێکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئاشکرای کرد، "464 کەس بە نایاسایی بە پلەی وەزیر، راوێژکار، بریکاری وەزیر و پەرلەمانتار خانەنشینکراون و بەشێکی زۆریان ئەندامانی باڵای حیزبەکانن".
 
دادوەر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە یاسای چاکسازی جێبەجێ دەکرێت و دەڵێت، "لەگەڵ دەستپێکردنیشیدا دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ چاودێریی جێبەجێکردنەکە دەکات و هەرکەسێک لە هەر پۆست و پلەیەکدا بێت و رێگری لە جێبەجێکردنەکە بکات دەدرێتە دادگا و سزادەدرێت".
 
دەبووایە چەند مانگێک لەمەوبەر یاسای چاکسازی جێبەجێ بکرێت. لایەنەکانیش یەکدی بە دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنەکە تۆمەتباردەکەن. 
 
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ئاماژەی بەوە دا، "مەبەست لە یاسای چاکسازی گەڕاندنەوەی دادپەروەرییە. ئەوانەی رێگری لە جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن مافی خەڵکیان خواردووە و نایانەوێت زیانیان بەربکەوێت. دەبێت ئەو کەسانە سوپاسگوزاربن، چونکە لەکاتی بڕینی ئەو پارەیەی کە چەندین ساڵە بە نایاسایی لە حکومەت وەریدەگرن و دواتر لێیان دەبڕێت، حکومەت داوای ئەو پارانەیان لێناکاتەوە، هەروەها لێکۆڵینەوەشیان لەگەڵ ناکات و نادرێنە دادگا".
 
بەپێی یاسای چاکسازی کەیسی هەموو مووچەخۆرێک هەڵدەدرێتەوە و هەرکەسێک کەیسەکەی نایاسایی بێت راستەوخۆ مووچەکەی دەبڕدرێت. 
 
بەپێی یاساکە بێت، ئەو 464 کەسەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی پێیوایە بە نایاسایی بە پلەی وەزیر، راوێژکار، بریکاری وەزیر و پەرلەمانتار خانەنشینکراون و هیچیان یەک رۆژ ئەو ئەرکەیان نەبووە، خانەنشینییان هەڵدەوەشێنرێتەوە. ئەحمەد ئەنوەر دەشڵێت، "پێویستە حیزبەکان باجی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بدەن".
 
لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سیستەمی بایۆمەتری بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران جێبەجێکرا و بە مەبەستی ئەوەی پاکسازی لە لیستی مووچەخۆراندا بکرێت، لەو بارەیەوە ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوە کرد، "سیستەمی بایۆمەتری نەیتوانی بندیوارەکان ئاشکرابکات، بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە کەیسی هەموو فەرمانبەرێک هەڵبدرێتەوە و وردبینیی تێدا بکرێت".
 
ئێستا زۆربەی پرۆژەکانی خزمەتگوزاەی وەستاون، بەڵام تاوەکو ئێستاش لە هەندێک کەرتدا گەندەڵی دەکرێت. وەک سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "گەندەڵییەکانی ئێستا بە زۆری لە کەرتی زەویوزارن بەهۆی دەستبەسەرداگرتنەوە. هەروەها لە کەرتی وەبەرهێنان و پێدانی بەرتیلە".
 
ئەحمەد ئەنوەر ئاشکرای کرد، تا ئێستا دەستەی دەستپاکی لە کۆی زیاتر لە 420 ملیار دیناری بەهەدەردراو 24 ملیار دیناری بۆ حکومەت گەڕاندووەتەوە.
 
ئێستا بابەتی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 400 ملیار دینارەکەی بەغدایە کە لەلایەن حکومەتی بەغداوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران خەرجنەکردووە.
 
لەو بارەیەوە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئەوەی خستەڕوو، "دوای وردبینیکردن لە خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، داوای راپۆرت دەکەین و لێیدەکۆڵینەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.