لە هەولێر دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی ئەكادیمیای كوردی هەڵبژێردران
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی ئەکادیمیای کوردی لە شاری هەولێر هەڵبژێردران. سەرۆکی نوێی ئەکادیمیای کوردیش دەڵێت، هەر بوارێکی کولتووری کە پەیوەندی بە کورد و کوردستان هەبێت "ئێمە تێیدا خەبات دەکەین."
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی ئایاری 2024، حەمەسەعید حەسەن، سەرۆکی نوێی ئەکادیمیای کوردی بە رووداوی گوت: "دوێنێ دەستەی کارای ئەکادیمیای کوردی کە 11 کەسین، وەک یەکەم کۆبوونەوە هەڵبژاردنمان کرد؛ سەرۆک، جێگری سەرۆک و سکرتێری ئەکادیمیا هەڵبژێردران."
بە گوتەی سەرۆکی نوێی ئەکادیمیای کوردی، دەستەی ئەندامانی پێشوو، سێ مانگ دەبێ کۆتایی بە خزمەتیان هێندراوە. سەرۆک و دەستەی نوێی ئەندامانی ئەکادیمیای کوردی لە شوێنیان دەستبەکار دەبن.
لەبارەی کارنامەی ئەکادیمیای کوردییەوە، حەمەسەعید حەسەن گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی کارنامەی ئەکادیمیای کوردی دیاریکراوە؛ ئەرکی یەکەمی ئەکادیمیا ئەوەیە کە خزمەت بە زمانی کوردی بکات. خەبات بکات لەپێناو بەستانداردکردنی زمانی کوردی."
جگە لە خزمەتکردنی زمانی کوردی، سەرۆکی نوێی ئەکادیمیای کوردی دەشڵێت: "ئەوەی کە لە بوارەکانی دیکەش پەیوەندی بە مێژووی کوردەوە هەبێت، جوگرافیای کوردستان، هونەری مۆسیقای کوردی، هەر بوارێکی کولتووری کە پەیوەندی بە کورد و کوردستان هەبێت، ئێمە تێیدا خەبات دەکەین."
ئەکادیمیای کوردی خاوەنی ئەرشیڤێکی دەوڵەمەندە و کتێبیش چاپ دەکات. سەرۆکی نوێی ئەکادیمیای کوردی گوتی: "کتێب لە هەر بوارێکدا پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت، ئێمە چاپی دەکەین. گۆڤارەکانیشمان بەردەوام دەبن و بایەخ بەو بوارانە دەدات."
رۆژی دووشەممە، 13-5-2024، ئەنجوومەنی نوێی ئەكادیمیای كوردی کە یەكەم كۆبوونەوەی فەرمیی خۆی لە تەلاری ئەكادیمیا ساز كرد؛ خولی پێنجەمی ئەكادیمیای کوردی بەتێكڕای دەنگ، دەستەی سەرۆكایەتییان هەڵبژارد. دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامان پێکهاتوون لە:
- م. حەمەسەعید حەسەن، سەرۆک
- د. كاروان عومەر قادر، جێگری سەرۆک
- د. لەزگین عەبدولڕەحمان ئەحمەد، سكرتێر و بڕیاردەر
- م. موئەیەد تەیب، ئەندامی تەرخانكراو
- م. حەمەزیاد مەولوود ئەحمەد، ئەندامی تەرخانكراو
ئەندامانی كارای ئەکادیمیای کوردی:
- د. موحسین ئەحمەد عومەر
- د. ئەحمەد محەمەد مام عوسمان
- د. قەیس كاكل تۆفیق
- د. عەبدولواحید ئیدریس شەریف
- د. پەخشان فەهمی فەرحۆ
- م. تەحسین ئیبراهیم دۆسكی